لەوەڵامی پرسیاری خوێنەرێکدا دەربارەی مانای وشەی «ئازاد» لە گوزارەی «ڕۆژنامەی ئازاد» دا
بهشی یهكهم
هەموو شتەکان لە بیرکردنەوە لە مانای ئازادییەوە دێنەدەرێ. لەهەر جێگایەکدا بیرکردنەوە لە مانای ئازادی نەبوو، هیچی گرنگی دیکەش نییە. بیرکردنەوە لە ئازادی، نەوەک دروشمی ئازادی ئەوە گرنگترین و سەرەکیترین جیاوازی نێوان کۆمەڵگا وقۆناغەکانە، کۆمەڵگا هەیە دروشمی ئازادی هەڵدەگرێت بێئەوەی بیری لێبکاتەوە، کۆمەڵگاش هەیە ئازادی دەژی و لە ئازادی ڕادەمێنێت بێئەوەی بیگۆڕێتە سەر دروشمی قەبە و زل. مێژووی ئێمە مێژووی دروشمەکانی ئازادییە نەوەک مێژووی بیرکردنەوە بێت لە ئازادی. دەبێت جیاوازییەکی گەورە بکەین لە نێوان دروشمی ئازادی و بیرکردنەوە لە ئازادیدا. بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادی هەرگیز بەو مانایە نییە کە یەکێک هەیە و بەڕاستی بیری لە ئازادی کردۆتەوە. مێژووی ئێمە بەکۆ لە سەردەمی سەرهەڵدانی بزاوتی ناسیونالی ــ مارکسی کوردییەوە تا ئەمڕۆ و لە کۆی بەرەکانیدا مێژووی درۆکردن و خۆدزینەوەیە لە تیوریزاندنی ئەم چەمکە، مێژووی بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادییە بێئەوەی ئەم دروشمە لە ڕاستیدا ناوەڕۆکێکی هەبێت، یاخود لە سنووری ململانێی سیاسیانە لەسەر دەسەڵات یان لەگەڵ دەسەڵاتدا تێپەڕیبێت. دروشمی ئازادی دەکرێت لە هەموو جێگایەکدا هەبێت و هەموو کەسێک بەرزیبکاتەوە، هەموو ئایدۆلۆژیا دیکتاتۆرییەکان، هەموو ئەوانەی تەنیا گەمەی سیاسەت دەزانن و دەکەن تەنیا لە ژێر دروشمی ئازادیدا ئیشدەکەن. بۆیە ئازادی کە تەنیا وەک دروشم و سەردێڕ بەرزدەکرێتەوە، وشەیەکی بێنرخ و ترسناکە، وشەیەکە دەشێت دزێوترین و ئایدۆلۆژیترین و موتڵەقگەراترین عەقڵ لە بنیدا خۆی شاردبێتەوە. دەبێت بڵێم مێژووی سیاسی و ئایدۆلۆژی کوردی لە شەست ساڵی ڕابوردوودا تا ئەندازەیەکی بێوێنە وشەی ئازادی لە هەموو ماناکانی بەتاڵکردەوە، لەو مێژووەدا «ئازادی وەک دروشم » تا ئەندازەیەکی زۆر ئازادی وەک «بابەتی بیرکردنەوە، زەمینەی بیرکردنەوە، دوائامانجی بیرکردنەوە» کوشت. وشەی ئازادی دەبێتە وشەیەکی ترسناک، بە جۆرە بەلاغەتێکی کوشندە گەر هاوشانی تێڕامانی فەلسەفی راستەقینە نەبێت. ئەو وەهمە گەورەیەی کە ئازادی بوارێکە تایبەت بە کایەی سیاسی، و بە تەنیا لە چالاکی سیاسییەوە دێتەدەرێ و سیاسەت دەتوانێت دروستکەری ئازادی بێت، کوشندەترین هەڵەیەکە ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگای ئێمە تێیکەوتن. لەسەردەمی شۆڕشی فەرەنسی و سەدەی نۆزدە و بیستدا، رەهەندە شاعیرییەکانی وشەکە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵێک ئایدۆلۆژیای ستەمکار و سیستمی حوکمی ستەمکارانە برد. بۆیە دەبێت بزانین کە وشەی ئازادی دەشێت وشەیەکی مین ڕێژکراو بێت، وشەیەک بێت لە تەڵە بچێت، لە هەنگوینێک بچێت کە لەبنیدا ژەهرێکی کوشندە دانرابێت. وشەیەک بێت عەقڵگەلی گەلێک نائازاد بۆ سەپاندنی جۆرە دونیابینییەکی تایبەت بەکاریبهێنن و بەجۆرێکی ڕادیکالیش تا ئەوسەر واتە تا خراپترین شێوەکانی بەکارهێنان ڕایبکێشن. بۆیە مرۆڤ دەبێت زۆر بیربکاتەوە بەرلەوەی ئەم وشەیە بداتە پاڵ هەر شتێک. مرۆڤەکان نابن بە کەسی ئازادیخواز تەنیا بەوەی ستەمکاری ڕەتدەکەنەوە یان دۆخی سیاسیان قەبووڵ نییە یان ڕەخنە لە سیستەم دەگرن، بەڵکو ئازادی ملکەچی کۆمەڵە مەرجێکی دیکەشە. سەرەتا بۆئەوەی قووڵتر لە کێشەکە نزیک ببینەوە، دەبێت جیاکارییەکی گرنگ بکەین لە نێوان «ئازادی» و «ئازاد»دا ، ئازادی سیفەتی فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتییە، یان سیفەتی خواستەکانمانە بۆ ئازادبوون، بەڵام «ئازاد» سیفەتی عەقڵ و ئیرادەی مرۆڤی تاکە کە دەتوانێت ئازادی بەکاربهێنێت. «ئازاد» سیفەتی ئازادییە کاتێک لە عەقڵ و ئیرادەی مرۆڤدا بەرجەستەدەبێت، «ئازادی» گەر لە رەوتی گەشەی خۆیدا نەگاتە دروستکردنی مرۆڤی «ئازاد» لە پوچی و کوشتار و توندوتیژیدا تەواودەبێت. ئازادی تەنیا کاتێک مانای هەیە کە بتوانێت عەقڵی ئازاد و چالاک بخولقێنێت. «ئازاد» بوون ناواخنبوونی «ئازادی»یە، ئازادییە کە لە مەرجێکی دەرەکییەوە بۆ گەشە و کرانەوە بووە بە دۆخێکی ناوەکی و بۆتە سیفەتێکی تایبەت بە ڕۆح و عەقڵی مرۆڤ و لە ئیرادەیدا دەبینرێتەوە، واتە زاراوەی «ئازاد» بریتییە لە «ئازادی»ی لە ساتی نیشتەجێبوونیدا لە ناوەوەی مرۆڤ. بۆیە جیاوازی نێوان «ئیرادەی ئازادی» و «ئیرادەی ئازاد» جیاوازییەکی گەورە و ترسناکیشە. «ئیرادەی ئازادی» ئیش و هەوڵ و خولیاو خەیاڵی ئازادییە بەر لەوەی گەیشتبێت بە ئازادبوون وە مەرج نییە بگاتە ئازادبوون، وە دەشێت تەنیا وەک دروشم و فریوێک بۆ دوورکەوتنەوە لە ئازادبوون بەکاربێت، واتە ئیرادەیەکە بە ناوی ئازادییەوە دەکەوێتە کار. لە کاتێکدا «ئیرادەی ئازاد» ئیرادەیەکە ئیش بە ئازادی دەکات، واتە گەیشتۆتە جێگایەک دەتوانێت ئەو توانایانەی ئازادی بە عەقڵ و ئیرادەی مرۆڤەکانی دەبەخشێت، بەکاربهێنێت. یەکێک لە جیاوازییە گەورەکانی مێژووی خۆرهەڵات و خۆرئاوا ئەوەیە کە لە خۆرئاوا پڕۆژەی ڕۆشنگەریی لەسەرەتاوە زەمینەسازی بۆ ئازادی بە مەبەستی خولقاندنی فەزای گونجاو بۆ عەقڵی ئازاد دەکات و هیواشی گەیشتنە بە لەدایکبوونی مرۆڤی ئازاد، بەڵام لە خۆرهەڵاتدا «ئازادبوون» واتە نیشتەجێکردنی ئازادی لە ناو مرۆڤدا هەرگیز نەبۆتە ئامانجی «ئازادی».
لەسەرەتای پڕۆژەی ڕۆشنگەریدا «ئیش بۆ ئازادیکردن» تەواو گرێدراوی «ئیش بە ئازادیکردن»ـە. بەجۆرێک لە زۆربەی وێستگە گرنگەکانی فەلسەفەی خۆرئاوادا، ئەم دوو چەمکە بەزەحمەت لێکدەترازێن. بەڵام ئەم چەمکە لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتی نازی و ستالینیدا دەگاتە کۆتایی خۆی و دەچێتە جێگایەک «ئازادی» لەوە دەکەوێت پڕۆژەی دروستکردنی مرۆڤی ئازاد بێت و دەبێت بە پڕۆژەی دروستکردنی چینێکی ئازاد و نەتەوەیەکی ئازاد کە «ئیرادەی ئازاد»ـی خۆی لە کەسی سەرۆک و ڕابەرێکی گەورەدا بەرجەستەدەکات، لە گیرفانی ئەم دابڕانەشەوە دیکتاتۆرە گەورەکانی سەدەی بیست دێنەدەرێ.
ئێمە لە خۆرهەڵات، لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا و بەلاوازبوونی پێگەی دین کەم کەم بەسەر وشەی ئازادیدا دەکرێینەوە، وشەکە کاتێک دەگاتە ئێمە لە خۆرئاواش مانا ڕۆشنگەرانەکەی خۆی ونکردوە. واتە لەسەرەتاوە پڕۆژەی ئازادی لە دونیای ئێمەدا بە نیازی ناواخنکردن و بردنە ناوەوەی ئازادی و گۆڕینی بۆ سیفەتێکی ئیرادەی فەرد نەخولقاوە. هەتا لەدوای ڕاپەڕینەوە کە کەم و زۆر باس لە فەردی ئازاد دێتە پێشێ، هەرگیز ئەم باسە هاوشانی بیرکردنەوە نەبووە لە چۆنێتی ناواخنکردن و بەدەرونیکردنی ئازادی، واتە هاوشانی ئەوە نییە چۆن «ئازادی» ببێتە «ئازادبوون». بەگشتی مێژووی ئێمە مێژووی نامۆبوونی «ئیرادەی ئازادییە» لە گەیشتن بە «ئیرادەی ئازاد».
گەر مەبەست لە ئازادی سەرهەڵدانی ئیرادەی ئازاد نەبێت، ئەوکات دەشێت لە ژێر وشەی ئازادیدا گەلێک شتی ترسناک و ئاڵۆز خۆی بهاوێتە ناو مێژووەوە. ئەوەی مەرجە بۆ ئازادی هەبوونی عەقڵی ئازادە، ئازادی تەنیا بریتی نییە لە فەزای ئازاد بۆ کارکردن و ڕەفتار و هەڵبژاردن، بەڵکو ئازادی مەرجێکی سەرەکی پێویستە کە هەبوونی توانای بیرکردنەوەیە لە خودی ئازادی. سیفەتێک لە سیفەتە گەورەکانی عەقڵ ئەوەیە کە دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات گەر بە ئازادیش نەژی، بە ئازادی بیربکاتەوە. ئێمە لە خۆرهەڵات و لە کوردستانیش زۆر قسە لە فەزای ئازاد دەکەین بێئەوەی قسەیەکی ڕاستەقینەمان لەسەر عەقڵی ئازاد کردبێت. عەقڵی ئازاد مەرجی سەرەکی ئازادییە. ئازادی هەم تیورەیە و هەم پراکتیک، لە بیرکردنەوەوە دەست پێدەکات و لە ژیاندا کۆتایی دێت. گەر سەرەنجبدەین شۆڕشی فەرەنسی زۆرجار بە شۆڕشی فەیلەسوفان یاخود شۆڕشی سەرکەوتنی عەقڵی فەلسەفی ناودەبرێت، چونکە زەمینە تیورییەکان و هاواری فەیلەسوفان بۆ ئازادکردنی عەقڵی مرۆڤ و ئیرادەی کارکردنی پێش ئەو شۆڕشە دەکەون. مێژووی ئێمە، گەرچی مێژووی شۆڕشی بەردەوام بووە، بەڵام هەرگیز چرکەیەکی ڕاستەقینەی تیوریزەکردنی تێدانییە، خۆهاویشتنە ناو پراکتیککردنی ئازادییەوە، ناو چالاکی سیاسی و مێژووییەوە بۆ ئازادی، بێئەوەی ئازادی خۆی تیوریزە کرابێت بە کارەسات دوایی دێت. بیرکردنەوە لە ئازادی جەوهەری ئازادییە. واتە ناتوانیت ئازادبیت گەر ئازادی نەکەیت بەبابەتی بیرکردنەوەت. بیرنەکردنەوە لە ئازادی، هەموو خەباتێک بۆ ئازادی دەگۆڕێت بۆ پرۆسەیەک دژ بە ئازادی. واتە پێش لە تیوریزاندنی ئازادی، ئازادی پراکتیزەناکرێت. سەردەمێک فیختە پێی وابوو ئازادی پێویستی بە هیچ تیورەیەک نییە، ئازادی کردەیەکە کە نابێت بیرکردنەوە زۆر لە قاڵبی بدات، بەڵام ئەمڕۆ دوای ئەزموونێکی دوورودرێژی مێژوویی ئەستەمە لەگەڵ فیختەدا تەبابینەوە. ئێستا ئێمە لە شوێنێکی وەک کوردستاندا ، بۆ ئەوەی لە کولتووری سیاسی سەدەی بیست دەرچین و پێبخەینە سەردەمێکی کولتووری تازەوە، بە شێوەیەکی جیدی پێویستیمان بە تیوریزەکردنەوەی چەمکی ئازادی هەیە. ئەم ڕاستییە تەنیا بۆ کوردستانی باشوور ڕاست نییە، بەڵکو بۆ هەموو کوردستان دروستە، چونکە نەوەک تەنیا رۆشنبیری کوردی پێویستی بە پێناسەیەکی نوێی ئازادی هەیە، بەڵکو بزاوتی سیاسی کوردیش بە گشتی پێویستی بەم پێناسەکردنەوە هەیە. بۆیە واتێدەگەم کە بیرکردنەوە لە عەقڵی ئازاد و هەوڵدان بۆ دیاریکردنی مانای ئەم گوزارەیە لە دۆخی ڕۆشنبیریی ئێستاماندا بایەخێکی گرنگی هەیە. بەبڕوای من ئێمە کاتێک ڕۆژنامەی ئازاد، ڕێکخراوی ئازادمان دەبێت کە مرۆڤی ئازادمان هەبێت، مرۆڤی ئازادیش ئەو کەسەیە کە دەتوانێت لەدەرەوەی گەمە گەورەکانی سیستمەوە، ڕەهەندی نوێ ببینێت و ئاسۆی نوێ دروستبکات. ئازادی تەنیا ڕزگاربوون نییە لە کۆت و پێوەندی ئەوانی دی، بەڵکو بەربوونی توانای مرۆڤیشە لەسەر بیرکردنەوە و سەرکێشی. ئازادی لە بەشێکیدا ئەوەیە ئیرادەی خۆت لە چنگی ئەوانی دی دەربهێنیت، بەشێکی دیکەشی ئەوەیە ئەو ئیرادەیە فێرببێت چۆن لە جیهاندا بجوڵێتەوە و بیربکاتەوە. مەرجێک لە مەرجە گەورەکانی ئازادی هەر فەردێک ئەوەیە کە ئازادی ئەوانی دی تێک نەشکێنێت، لێرەوە عەقڵی ئازاد بەپلەی یەکەم عەقڵێکە بیر لەوە دەکاتەوە چۆن ئازادبێت بێئەوەی ئازادی ئەوانی دی زەوتبکات، لە کاتی دروستکردن و پاراستنی ئازادی ئەوانی دیشدا دانەبەزێت بۆ جێگایەک ئازادی خۆی لە دەستبدات. پاراستنی ئەم هاوکێشەیە لە ڕۆسۆ و پێشتریشەوە چەمکی هەرە سەرەتایی و هەرە سەرەکی زۆربەی دیالۆگە فەلسەفییەکانن لەسەر ئازادی ... کێشەی کۆمەڵگا کاتێک زۆر قووڵە کە تێیدا کەس بیر لە سنووری ئازادی خۆی نەکاتەوە، واتە نە حوکمکار بیر لە سنووری ئازادی بکاتەوە نە ژێردەستان. کۆیلەیەتی ونبوونی بیرکردنەوەیە لە سنووری دەسەڵات و ئازادی، هەر کۆمەڵگایەک ئەم بیرکردنەوەیەی تێدانەبوو، ئازادی تێدا نییە. بەڵام من لێرەدا مەبەستم نییە لەسەر ئەم بەشەی ئازادی قسەبکەم، چونکە کەمتازۆر قسەی لێ کراوە. من مەبەستمە لە ڕوانگە بوونگەراکەوە پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە مرۆڤ بەجەوهەر ئازادە، وە دەتوانێت ئەم ئازادییە بەکاربهێنێت گەر بیەوێت. بڕێک لە ئازادی هەیە مرۆڤ لەدەرەوەی دەستێنێت و لە پێناویدا جەنگ لەگەڵ سیستمی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا دەکات، بەڵام بەشێکی دیکەی ئازادیش هەیە کە لەناو مرۆڤ خۆیدایە و دەبێت خۆی لە خۆیدا بەرەڵایبکات. هەر ئازادییەک کە لەدەرەوەی دەستێنین گەر هاوشانی ئازادبوونێکی ناوەکی نەبێت، گەر هاوشانی پچڕان و تێکشکاندنی کۆمەڵێک بەربەستی ناوەکی نەبێت، هەر زوو دەبێتەوە بە کۆیلەبوونێکی دەرەکی. ئازادیی گەر لە بوونەوەرێکی «ئازاد»دا بەرجەستەنەبێت، واتە ناواخن نەکرێت و نەڕواتە ناو سیستمی تێڕوانین و سیستمی ئەخلاقی مرۆڤەوە، لە کۆیلەیدا تەواودەبێت. مەرج نییە مرۆڤ توانیبێتی هەموو ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی بەدەستبهێنێت، بەڵام مەرجە ئەو بڕە ئازادییەی کە لە ناو خۆیایەتی، کە لە ڕێگایەوە ماهییەتی خۆی پێ دەستنیشاندەکات، کە بە هۆیەوە وەک کانت دەڵێت «خۆی خۆی دیاریدەکات»، بخاتەکار... گەر نەتوانێت ئەم ڕووبەرە بەکاربهێنێت ئەوا کۆیلەیەتی هەڵبژاردوە. لێرەوە قەیرانی سەرەکی ئازادی لە دونیای ئێمەدا بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن مرۆڤان ئەو ئیرادە ئازادەی ناو خۆیان، ئەو ئەگەری ئازادییەی کە لە ڕۆشنگەرییەوە فیکر قسەی لێدەکات و ئەو مەحکومبوونە بە ئازادی کە «سارتر» لێیدەدوا بە چڕترین شێوە بەکاربهێنن. شتێک نییە ناوی کۆیلەیەتی ڕەها بێت، واتە هەلومەرج ناتوانێت هەموو ئازادییەک لە مرۆڤ بستێنێتەوە، هەتا کۆیلەیەکی زیندانیش لەگەڵ خۆیدا و بەرامبەر خۆی و بەرامبەر زیندانوانەکەی بڕێکی زۆر ئازادی هەیە، کۆیلەی ڕەها گەر هەبێت ئەوا کەسێکە کە خۆی بڕیاردەدات ئازادی خۆی بەکارنەهێنێت. لە ناو هەر یەکێکماندا هێزێکی ئازاد هەیە کە بەگەڕخستن و بەکارهێنانی پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە. کێشەی ئازادیش لە کۆمەڵگادا زۆرجار ئەوە نییە کە دەسەڵات ئازادی زەوتدەکات و ماف زەوتدەکات، بەڵکو ئەوەیە کە لە بیرمان دەباتەوە کە ئێمە مەخلوقاتی ئازادین. کۆیلەیەتی بیرچوونەوەی ئازادییە نەوەک زەوتکردنی. ئەو ئازادییەی ماهییەتی مرۆڤ دیاریدەکات زەوت ناکرێت، بەڵکو لە بیردەبرێتەوە. تۆ ئازادیت، بەڵام بیرتچۆتەوە کە ئازادیت... لەو ڕێگایەوە تۆ کە کۆت و پێوەندەکانی دەرەوەش دەپچڕێنیت ناتوانیت ئازاد بیت، چونکە ئازادی تەنیا سووککردن و هەڵگرتنی جەبری دەرەوە نییە لەسەرمان، بەڵکو پابەندی توانامانە لەسەر بەکارهێنانی ئەو ئازادییەی وەک مرۆڤ هەمانە بۆ دروستکردنی جۆرە تێفکرین و جۆرە ئەخلاقێک لە ئازادی تێبگات و دروستیبکاتەوەو بیپارێزێت. مرۆڤەکان دەتوانن بە دەستەجەمعی بۆ ئازادی خەباتبکەن، بەڵام ئازادی دەستەجەمعیان بە مانای ئازادبوونی خۆیان نییە وەک تاک. لە ڕاستیدا پەیوەستێکی ڕاستەوخۆ و میکانیکی لە نێوان ئازادی فەرد و ئازادی دەستەجەمعیدا بوونی نییە، ڕزگاربوونی نەتەوە مانای ڕزگاربوونی هاوڵاتی نییە، چونکە لە جەوهەردا پێوەرەکانی ئازادی دەستەجەمعی وەک پێوەرەکانی ئازادی فەردی نییە. ئەو پێوەرانەی گروپ لە پێوانەکردنی ئازادی خۆیدا بەکاریدەهێنێت، ئەو پێوەرانە نییە کە دەشێت لە سەرەنجدان لە ئازادی مرۆڤی تاکدا بەکاریبهێنین، بۆیە گەر ئازادی لە پێناسە دەستەجەمعییەکەیەوە نەگوازرێتەوە بۆ ناواخنبوونی ئازادی لە ئیرادەی فەردا، نابێتە ئازادی. مرۆڤەکان دەتوانن بەدەستەجەمعی کۆیلەبن، بەڵام ناتوانن بەدەستەجەمعی ئازادبن. دەتوانن بەدەستەجەمعی جۆرێکی کۆیلەیەتی تێپەڕێنن، بەڵام ناتوانن بەدەستەجەمعی هەموو جۆرەکانی ئازادی ئەزموون بکەن. مرۆڤ کاتێک ئازادە کە توانیبێتی توانای بیرکردنەوە و داهێنانی خۆی ئازادبکات. کۆیلەیەتی چەند شێوەیەکی هەیە، بەڵام ئازادی هەزاران شێوەی هەیە و هەر مرۆڤە بەجۆرێک تیادەژی و بۆی دەژی و هەستی پێدەکات. جەوهەری ئازادی تەنیا لە بەکارهێنانی ئازادانەی فەردا بۆ ئازادی دەردەکەوێت، تۆ ئازادنیت تا نەتوانیت ئەو ئازادییە تا باڵاترین سنوورەکان و تا مرۆڤانەترین دەرکەوتەکانی بەکاربهێنیت. لێرەدایە بەڕای من عەقڵ و ئیرادە ڕۆڵی سەنترال دەبینن. ئەو بابەتە سەنتراڵەی چەمکی ئازادی لە ڕۆشنگەریدا لەسەری ڕاوەستاوە ئەوەیە کە ئازادی ڕووی ڕاستەقینەی خۆی تەنیا لە چالاکییەکانی عەقڵی ئازاددا بەرجەستەدەکات. عەقڵی ئازادیش لە کلتووری ئێمەدا ئەوەیە بتوانێت بیر لە ئازادی بکاتەوە و ئامانج و شوناسی بداتێ. بۆیە سەرەتای هەنگاونان بۆ ئازادی، بە ناو فەلسەفەی ئازادی خۆیدا تێدەپەڕێت. مرۆڤ ناتوانێت بەبێ هوشیاربوون بە ئازادی ئازاد بێت، مرۆڤ دەبێت هەموو کردارێکی خۆی لە سیاقی ئازادبوون و ئازادنەبووندا بخوێنێتەوە. بۆئەوەی کردارەکان بەشێک بن لە ئێمە، بتوانن ماهییەتمان بۆ دروستبکەن، بشێت وەک کردارگەلێک بیانبینین کە لە ئێمەو ئیرادەی ئێمەوە هەڵقوڵاون، دەبێت بە ناو تێگەیشتن لە ئازادیدا تێپەڕیبێتن، بۆیە ئازادی بەبێ تەفسیرکردنەوەیەکی بەردەوامی ئازادی و لە هەموو لایەکەوە بوونی نییە. ئازادی مرۆڤ شتێکی ئاڵۆزترە لەوەی بە فڕینی ئازادانەی باڵندەیەک بشوبهێنرێت، چونکە ئازادی شتێک نییە مرۆڤ یەکجار وەریبگرێت، بەڵکو شتێکی ساتگیر و ڕۆژانەیە، مرۆڤ بەردەوام لەگەڵ کێشەی ئازادی خۆیدا دەرگیردەبێت. وشەی «من ئازادم» یاخود «ئێمە ئازادین» هەمیشە لە مەترسیدایە، گەر ئێمە ئازادبین یان ئازاد نەبین، دەبێت دڵنیابین کە بەبێ بەرگریکردنی بەردەوام ئازادی هەمیشە لە مەترسیدایە، جارێک لە مەترسیدایە لەلایەن دەرەوە، جارێکیش لەلای مرۆڤ خۆیەوە کە ناتوانێت بەرگەی ئەرکە سەختەکان و بڕیارە قورسەکانی ئازادی بگرێت و وەک «فرۆم» دەستنیشانیدەکات زۆرجار کۆیلەیەتی پێ ئاسانترە لە ئازادی.
ئازادی بەبێ بیرکردنەوەی بەردەوام لە »ئازادی» بوونی نییە. هەر کاتێک بیرکردنەوە لە ئازادی ڕاوەستا، واتە بیرکردنەوەی ئازاد ڕاوەستاوە. لێرەوە عەقڵی ئازاد مەرجی سەرەکی ئازادییە، چونکە عەقڵ یەکێکە لە هێزە دەستنیشانکەرە گرنگەکان بۆ مانای ئازادی. بەڵام دەبێت ئاگاداربین کە عەقڵ لێرەدا بە شێوە ڕۆشنگەرا کانتییەکەی یاخود بە مانا هیگڵییە دیالەکتیکییەکەی بەکارناهێنم، عەقڵ لێرەدا مانایەکی کۆکەرەوەو یەکخەری نییە، بەڵکو مانایەکی پەرتکەر و جیاوازی خولقێنی هەیە. لەسەردەمی پۆست مۆدێرندا ئەستەمە بگەڕێینەوە بۆ پێناسە یەکخەر و کۆگیرەکانی عەقڵ، ئازادی ڕاستەقینە ئەوەیە عەقڵ وەک کەرەستەیەکی دروستکردنی تایبەتمەندی ببینین، نە وەک کەرەستەیەکی تایبەتمەند بۆ دروستکردنی لێکچوون و وەک یەکی، ئازادی لە سەر مافی جیاوازبوون بونیاددەنرێت، بەڵام جیاوازبوون مەرج نییە هەمیشە تەعبیرێکی قووڵ و ڕاستەقینەبێت لە ئازادی. بەبێ جیاوازی ئازادی دەرناکەوێت، بەڵام هەموو جیاوازییەکیش بەرهەمی ئازادی نییە... تەنیا ئەو جیاوازیانە دەبن بە جیاوازی ڕاستەقینە کە عەقڵ لە ڕێگایانەوە بە چەشنێکی دی خۆی دەرخستبێت، تەنیا ئەو ئازادیانەش دەبن بە ئازادی کە جیاوازییەکی گرنگ دروستدەکەن و شوێنی بۆ دەکەنەوە. بەرهەمەکانی ئازادی پێویستیان بە لۆژیک و دیالۆگی عەقلانی هەیە بۆئەوەی ببن بە هێز، ببن بە شتێک کە شوێنێکیان لە فەزای ئازاد دا هەیە، ببن بە نیشانەیەک لە نیشانەکانی گەشەی ئازاد. بە کورتی ئازادی «ئیرادە» و «عەقڵە» کە دەبێت لە شتێکی جیاواز و نوێدا بەرجەستەبووبێتن. ئازادی تەنیا هەستێکی ناوەکی نییە، بەڵکو هەمیشە لە کردەیەکدا دەردەکەوێتەوە، لە بڕیارێکدا خۆی دەردەخات و لە ئیشێکدا بەرجەستەدەبێت. پێشتر سارتەر زۆر پێی لەسەر ئەم خاڵە داگرتووە کە ئازادی گرێدراوی بڕیارە، ئازادی شاردراوە تەنیا وەک ئەگەرێکی دەرونی و ناوەکی ئازادی بوونی هەیە، واتە گرێدراوی کردەیەکە کە لە ڕێگایەوە ئیرادەی ئازاد، کار و هەڵبژاردنەکانی عەقڵ نیشاندەداتەوە. کەواتە عەقڵی ئازاد لە »دروستکردنی جیاوازی» دا ماهییەتی دەردەکەوێت. کۆمەڵگایەک جیاوازی دروست نەکات، ئازاد نییە، چونکە هەموو لێکچوونێکی بەردەوام تەبابوونێکی درۆزنی لە پشتە، لێکچوون دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو بڕیارانەیە کە پێش ئێمە هەن و پێماندراوە تا دووبارەیانبکەینەوە. شتە دووبارەکان و بڕیارە دووبارەکان لە کۆمەڵگایەکی سیستەمڕێژکراوی وەک کۆمەڵگای هاوچەرخدا تەعبیرن لە خۆگونجاندنی فەرد لەسەر حیسابی ئازادی. مانا عەقڵانییەکەی ئازادی، بەبێ بەرجەستەبوونی لە ڕووبەری نوێدا کە مەرج نییە لەگەڵ سیستمی شتەکاندا تەبابێت دەرناکەوێت. بیرکردنەوە لە ئازادی مەرج نییە لە تێکستێکی تیوریدا دەربارەی ئازادی بەرجەستەببێت، مەرج نییە مرۆڤ دابنیشێت و شتێک دەربارەی ئازادی بنوسێت، بەڵکو دەشێت هەر کردارێکی ئازاد بێت کە تەعبیر لەو ئازادییە دەکات. مرۆڤ ئازادە لەوەی ئازادی خۆی بەچ زمانێک دەهێنێتە قسە، بەڵام ئازاد نییە لەوەی تەعبیری لێ نەکات، نەبوونی تەعبیر نیشانەی نەبوونی ئازادییە. لە ڕاستیدا ئازادی بێ ئاماژە بوونی نییە... ئازادی لە تەعبیر جیاناکرێتەوە، ئازادی تیورەیەکە کە دەبێت پراکتیزەبکرێت، عەقڵە لە کاتی ئیشکردندا و ئیشە لەکاتی بیرکردنەوەدا. بۆئەوەی هەستبکەین کۆمەڵگا ئازادە، دەبێت هەست بە خەلاقییەت و توانای داهێنانی کەسی ئازاد بکەین، بۆئەوەی ئازادی نەمرێت دەبێت داهێنان نەمرێت و نەوەستێت. ئازادی هەمیشە چالاکە، پڕکردارە، شەیدای تەعبیر لە خۆکردنە، ئازادی پاسیڤ بوونی نییە، ئازادی هەمیشە ئەکتیڤە، چونکە لە جەوهەردا بەبێ کرداری بیرکردنەوە و تەعبیرکردن ئازادی وەک یەکەیەکی تەواو دەرناکەوێت. وەک چۆن شاعیر بەبێ نوسینی شیعر بوونی نییە، مرۆڤی ئازادیش بەبێ تەعبیر لە ئازادی بوونی نییە. ئەوەی مرۆڤ بڵێت، من ئازادم و هیچ ناکەم، لە ڕاستیدا دروست نییە، چونکە هیچ نەکردن سەر بە کۆیلەیەتییە، نەوەک سەر بە ئازادی. مرۆڤ ئازاد نییە لەوەدا کە بڵێت «من ئازادم و بیر ناکەمەوە»، بیرنەکردنەوە سەر بە ئازادی نییە...
پرسیارێک لێرەدا دووبارە بیوروژێنینەوە ئەوەیە: ئاخۆ بیرکردنەوە لە ئازادی تا چەندە بۆ پرسی ئازادی خۆی گرنگە؟ ئاخۆ دەتوانین ئازادبین بێئەوەی بیر لە ئازادی بکەینەوە؟ ئایا سروشتی بیرکردنەوە لە ئازادی چییە و بە چ کەناڵێکدا دەڕوات؟. من پێموایە هەموو کۆمەڵگایەک و هەموو مرۆڤێکیش دەبێت بەردەوام ئەمجۆرە پرسیارە لە خەیاڵیدا بێت، چونکە یەکەم: ئەم پرسیارانە تەنیا زامنی ئەوەن ئازادی بیرنەچێتەوە. دووەمیش : بەبێ ئەم پرسیارانە ناگەینە ئەوەی ئازادی لە شتەکانی دی و ڕەفتارەکانی دی جیابکەینەوە کە دەشێت جۆرێک لە ئازادی ساختەمان پێشکەشبکەن. سێهەم: ئازادی پێویستی بە پێناسەکردنەوەی بەردەوام هەیە، وەک گووتم ئازادی جەوهەرێکی نەگۆڕی نییە، بەڵکو پەیوەستی گۆڕانی بەردەوامە، لێرەوە بۆچوونەکانی ڕابوردوو ناتوانن ببن بە پێوەری ئازادی ئەمڕۆ. بۆ نمونە: پێوەری ئێمە بۆ ئازادی لە ڕۆژانی ڕاپەڕیندا وەک پێوەرەکانی ئێستاکێمان نییە. چوارەم: ئازادییەک کە بیر لە خۆی نەکاتەوە، واتە ناتوانێت بیربکاتەوە، چونکە بیرکردنەوە لە ئازادی وەک بیرکردنەوە نییە لە درەختێک، بەڵکو پرۆسەی ماهییەت سازییە بۆ مرۆڤ خۆی، چەند مرۆڤ خۆی لە دیاریکردنی ماهییەتی خۆیدا چالاک بێت، ئەوەندەش ئازادە... ئازادی شتێکە بەبێهۆشی ناچەسپێت، لە دیاریکردنی غەریزی و دەستنیشانکردنی میکانیکی بەدوورە، پابەندی چالاکی هوشیارانەیە. واته گهرچی مرۆڤ ئازادە، بەڵام بەبێ هوشیاری نایکرێ ئەو ئازادییە ببینێت و بەکاربهێنێت. مرۆڤ تەنیا کاتێک دەتوانێت ئازادبێت کە سوود لە ئازادی ببینێت، واتە بیگۆڕێتە سەر بڕیار و هەڵبژاردن و چالاکی.
بەگشتی کە چالاکی عەقڵ و داهێنانی ئادەمیزاد هاتە کزی، کە مرۆڤ لەدەرەوەی قاڵبەکان، لەدەرەوەی دەزگا گشتییەکان و لەدەرەوەی فەزا دیاریکراوەکانی جوڵە و بەرهەمهێنان چالاکی دیکەی نەبوو، ئەوکات ئاشکرا ئازادی لە مەترسیدایە. لە کۆمەڵگایەکدا کە هەستی ئازادی تێیدا مردووە، جیاوازی دەبێتە شتێکی ترسناک، دەبێتە ئەو خاڵەی هەموو تیرەکان رووی تێدەکەن. لە دەڤەری ئێمەدا لە دوای ڕاپەڕینەوە پێناسەکردنی ئازادی و بەستنەوەی لە دروشمی ئازادی ناسیونالیدا تا ئەندازەیەک پاشەکشەیەکی گەورەی کرد، جاران چەمکی ئازادی ناسیونالیستی جۆرە کۆبڕوایەکی «ئیجماع» لەسەربوو، بەڵام لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی کوردیدا، چیدی پێوەری ئازادی لەوە کەوت تەنیا وابەستەی دروشمەکانی ناسیونالیزم بێت، لە دوای ڕاپەڕینەوە چیدی ئەم هوتاف و دروشمانە ناتوانن هەموو مانای ئیشکردن بۆ ئازادی لە خۆیاندا کورتبکەنەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەڕان بۆ فراوانکردنی ئازادی، بۆ گۆڕینی ماناکەی، بۆ دووبارە تیوریزەکردنەوەی هێشتا لە بچوکترین ئاستدایە. پێش ڕاپەڕین مرۆڤی ئێمە وێنەیەکی بۆ ئازادی هەبوو، بەڵام دوای ڕاپەڕین ئەو وێنەیە دەمرێت و هیچی دیش نایەتە جێگای. لەسەرێکەوە زاراوەگەلی لە بابەت کۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆژنامەی ئازاد دەبنە زەمینەیەکی نوێ بۆ چەکەرەکردنی هوشیارییەکی نوێ بە ئازادی، بەڵام ئەم دەرفەتە هەمیشە سەتحییە چونکە ئەو عەقڵییەتەی ڕۆژنامەگەری ئازادی ئێمە بەڕێوەدەبات، تێگەیشتنی لە ئازادی هێشتا لە سنووری «ئازادی سیاسی»دا دیلە. قەیرانی وشەی ئازادی لە دونیای ئێمەدا ئەوەیە کە تا ئێستا لە دەلالەتە سیاسییە راستەوخۆکەی نەترازاوە، واتە لە دروشمەوە نەگوازراوەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە چەمکێکی فیکری، لە تێزێکی ناو ململانێیەکەوە نەبۆتە زاراوەیەکی مەنهەجی بۆ بیرکردنەوە. بەبڕوای من سیاسەت لە کوردستاندا چیدی هێز و توانای بەرهەمهێنانی مانای نوێی بۆ ئازادی نییە، هیچ سیاسەتێک نە ئەو سیاسەتەی کە دەسەڵاتدارە و نە ئەو سیاسەتەی دژە دەسەڵاتە، چونکە هەردوو ئەمجۆرە سیاسەتە بەرهەمی یەک عەقڵییەتن. یەکێک لەسەرکەوتنە هەرە مێژووییەکانی خۆرئاوا لەوەوە دەست پێدەکات کە کانت «ئەخلاق»ـی لە «دین» جیاکردەوە، ئێمە لە خۆرهەڵاتدا پێویستیمان بە دوو دابڕانی بنچینەیی و دوو شۆڕشی گەورە هەیە، یەکێکیان ئەو شۆڕشە کانتییەیە کە ئەخلاق لە دین دادەبڕێت، ئەوی تریشیان شۆڕشێکە ئازادی لە سیاسەت دەستێنێتەوە، یاخود وادەکات بیرکردنەوە لە ئازادی بەتەنیا پیشەی سیاسەت نەبێت. گیرسانەوە بە تەفسیری سیاسیانەوە بۆ ئازادی و خۆپاراستن لەو تەفسیرانەی کە فیکر و فەلسەفە پێشکەشیدەکەن، زۆرجار بە هۆی ئاسانییەوەیە. بەدرێژایی سەدەی بیست و لەگەڵ سەرهەڵدانی سیاسەتی مۆدێرن و نوسینی نوێدا، مرۆڤی کورد بۆتە مەخلوقێکی بەرهەمهێن و مەسرەفکەر بۆ دروشم. گۆڕینی ئازادی لە دروشمەوە بۆ چەمکێکی بیرکردنەوە و تێرامان، پێویستی بە لەدایکبوونی عەقڵێکی لێڕامێن هەیە. ئازادی شتێکە دەبێت دووبارە و بەجۆرێکی دیکە و لە عەقڵێکی نوێدا لە دایک ببێتەوە. فۆرمە کۆنەکانی ئازادی مردون و چوونەتە ژێرخاک، ئەوان چیتر ناتوانن باس لە ئازادی بکەن، ئازادی هەر سەردەمەو جۆرە زمانێکی هەیە، زمانی دوێنێی ئازادی ناتوانێت وەسفی ڕۆحی ئازادی لە مڕۆدا بکات. کێشەی سەرەکی لەلای ئازادیخوازانی ئەمڕۆی کورد، ئەوانەی لە ڕۆژنامەگەریی ئازاد و شوێنەکانی دیشدا کاردەکەن، نەبوونی بنەمایەکی تیوریی نوێیە بۆ ئازادی. لەدایکبوونی عەقڵی ئازاد لە مڕۆدا گرێدراوی توانای سەرلەنوێ لێڕامانە لەم چەمکە. «ئازادی بیرکردنەوە» گرێدراوی ئازادی ڕۆژنامەگەریی نییە، بەڵکو ئازادی ڕۆژنامەگەریی تەنیا مەرجێکێتی وە دەکرێت بڵێم مەرجێکی سەرەتاییشێتی، لەو مەرجەش گرنگتر توانای عەقڵە لە سەر ئازادبوون، بەڵام کۆمەڵگایەک نەزانێت مرۆڤ چییە، ناتوانێت قسە لە ئازادی مرۆڤ و ئازادی عەقڵیش بکات. قسەکردن لەسەر ئازادی واتە دووبارە تیوریزەکردنەوەی پەیوەندی مرۆڤی ئێمە بە خوداوە، تیوریزەکردنەوەی پەیوەندیمان بەسروشتەوە، تیوریزەکردنی پەیوەندیمان بە تەکنۆلۆژیاوە، تیورێزەکردنی پەیوەندیمان بە کار و بەرهەمەوە، پابەندی پرسیارکردنمانە لە مانای وشەی ماف، پەیوەستی لێڕامانی دووبارەمانە لەسەر وەزیفەی ئەخلاق... وشەگەلی لەجۆری ڕۆژنامەگەری ئازاد، یاخود ئازادی ژنان، یان ئازادی بیروڕا تەواو بێمانا و سەتحی و پوچن گەر دووبارە لەسەر چەمکی ئازادی و لێڕامانی کارنەکەینەوە. بە کورتی ئەمجارە بۆئەوەی لە ئازادی تێبگەین، کۆمەڵێک هوتاف و دروشمی ناسیونالیستی بەکەڵکمان نایەن، لەسەدەی بیستدا کە سەدەی ئایدۆلۆژیا تۆتالیتارەکان بوو، ئەو گەمەیە عەقڵی ئێمەی لە تێفکرین لە ئازادی دوورخستەوە. ئێمە بەدرێژایی مێژووی خۆمان ڕاهاتووین کە بیر لە ئازادی نەکەینەوە، مێژووی ئێمە بەدرێژایی ڕەوتی خۆی «مرۆڤی سیاسی» «مرۆڤی دینی» «مرۆڤی ترادسیۆنگەرا»ی دروستکردوە، بەڕای من هیچ یەک لەم چەشنە مرۆڤانە ئازاد نین، «مرۆڤی ئازاد» جۆرە کەسێکە لەسەر بنەمای ڕەخنەکردنی ئەو شێوازانەی دیکەی مرۆڤ دروستدەبێت. عەقڵی ئازاد بەبێ ڕەخنەگرتن لە «عەقڵی مۆراڵی» و «عەقڵی سیاسی» و «عەقڵی ستاتیکی» ئێستاکێمان لەدایک نابێت. بەڵام تراژیدیاکە لەوەدایە لە دونیای ئەمڕۆماندا ئەوەی کە لە دۆخی هێرشبردنێکی بەردەوامدایە ئەوجۆرە عەقڵییەتانەن، مۆراڵی تەقلیدی کە هەرگیز شوێن پێکانی لەق نەبووە بەردەوام ترس لە بێئەخلاق بوونی کۆمەڵگا بڵاودەکاتەوە و لە هەموو وشەیەک و ڕەفتارێک و بەرنامەیەکی ژیانی ئێمەدا ئامادەیە. عەقڵی سیاسی لە بازنەیەکی گەورەی خۆدووبارەکردنەوە و خۆکۆپیکردنەوەدا دەژی، سیاسەتی کوردی هێدی هێدی ستراکتورێکی قایم و نەگۆڕ وەردەگرێت کە بەستراکتوری دین و ئەخلاق دەچێت، وەک چۆن دین و ئەخلاق هەمیشە یەکجۆر مرۆڤ بەرهەمدەهێنن کە یەک لۆژیکی بیرکردنەوە و یەک شێوازی ململانێکردنیان هەیە، وەک چۆن دین و دین گەر بشچنە جەنگەوە لە دین زیاتر هیچی دی بەرهەم ناهێننەوە، سیاسەتیش بووە بە کایەیەک کە یار و نەیارەکان تێیدا یەک یەکدی کۆپیدەکن. درۆیەکی گەورەیە بڵێین لەناو سیاسەتی کوردیدا تەنیا پارتی و یەکێتی کۆپی یەکترن، بەپێچەوانەوە کۆی بواری سیاسی لە کوردستاندا ئەو لەیەکچوونەی دروستکردوە، هەرچییەک لەو کایەیەدا دروستدەبێت بەجۆرێک لە جۆرەکان دۆستی دەسەڵات بێت یان دوژمنی بەرهەمی هەمان ستراکتوری عەقڵی و ئەخلاقییە. لێرەوە «مرۆڤی سیاسی» بەگشتی یەک چەشنە مرۆڤە ... سیاسەتی جیاواز لە کوردستاندا تەنیا کاتێک دروستدەبێت، کە پێشتر قۆناغێکی قووڵ و دوورودرێژی جیاوازیمان لەگەڵ سیاسەت خۆیدا بەگشتی هەبێت. ئێمە ئەمـڕۆ لە قۆناغێکی گرنگی مێژووی خۆماندا دەژین کە بە دین ناتوانین دین چاکبکەین، بە ئەخلاق ناتوانین ئەخلاق ڕاستبکەینەوە و بە سیاسەتیش ناتوانین سیاسەت ڕاستبکەینەوە، لێرەوەیە تەواوی ئەو قسانەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و تەلەفزیۆنەکاندا لەسەر سیاسەت دەکرێن بێکاریگەر و کەم سوودن و لە خولاندنەوەیەکی بێهۆشانە دەچن بەدەوری هیچدا، چونکە تەواوی هەوڵەکان لەو جوغزە مردوەدا وەستاون کە ئەخلاق بە ئەخلاق و دین بەدین و سیاسەت بە سیاسەت چاکبکەن. ئێمە پێویستیمان بەوە نییە کە ڕەخنە لە فۆرمێک لە فۆرمەکان یاخود شێوەیەک لە شێوەکانی دین و ئەخلاق و سیاسەت بگرین، بەڵکو دەبێت رەخنە لە خودی ئەخلاق و دین و سیاسەت بە گشتی بگرێن، واتە دەبێت ئەم کایانە دووبارە دروستبکەینەوە و وەزیفەی نوێیان بدەینێ. چونکە ئەم بوارانە بەبێ شۆڕشی گەورە و ناوەکی کە سەرەتا لەبواری خۆتیورەکردندا ڕوودەدات، ناتوانن ببنەوە کایەی ئیشکەر و نوێهێن. کۆمەڵگای ئێمە ناتوانێت چیدی دینی باش، ئەخلاقی باش، سیاسەتی باش بەرهەمبهێنێت گەر تێگەیشتنێک دروست نەبێت ئازادی بخاتە پێش دین و پێش ئەخلاق و پێش سیاسەتەوە. گرنگی کانت لەوەدابوو کە بنەماکانی ئەو جیهانەی داڕشت کە تێیدا مرۆڤ لە ئازادییەوە بڕواتەوە بۆ دین، خودا لای کانت مەخلوقێکی نادیار و غەیبی نییە کە بەجەبر لەسەروومانەوە دەژی و بەزەبر لەسەرسەرمان ڕاوەستاوە، بەڵکو کانت خودا لەبەر ڕۆشنایی ئازادی مرۆڤدا تەفسیردەکاتەوە. لای کانت، دین ئەخلاق بەرهەمناهێنێت، بەڵکو ئەخلاق دەمانگەێنێتەوە بە دین، ئەخلاقیش لە ئازادی جودا نییە، مرۆڤ کە لە ئازادییەوە بڕیاری نەدا واتە لە ئەخلاقیشەوە بڕیارنادات، مرۆڤ سەرەتا دەبێت ئازادبێت و دواتر دەتوانێت دیندار یان سیاسەتمەدار یاخود بە ئەخلاق بێت، گەر ئازادنەبیت ئەوا ئەو ئەخلاقەی هەڵتگرتووە ئەخلاقی خۆت نییە، بەڵکو ناواخنبوونی دیلییە لە ناوتدا. ئەم ئاڵوگۆڕە ستراتیژییە لە مێژووی خۆرهەڵاتدا ڕووی نەداوە، لە خۆرهەڵاتدا ئەخلاق بە ئازادیەوە نەبەستراوە و دین نەکراوەتە پاشکۆی ئەخلاق وەک کانت دەستنیشانیدەکات، بۆیە نائامادەگی ئەم شۆڕشە کانتیانەیە، یاخود بازدانی ڕاستەوخۆ بۆ شۆڕشی مارکسی بەبێ ئەوەی وانە گەورەکانی کانت لەسەر ڕۆشنگەریی قەبووڵبکەین، هۆیەکی گەورەی تراژیدیا ترسناکەکانی خۆرهەڵاتە لە سەدەی بیستدا. مارکسییەت لە خۆرهەڵاتدا نەیتوانی «مرۆڤی دینی» لادات و «مرۆڤی ئازاد»ی بخاتە شوێن، بەڵکو «مرۆڤی دینی» لابرد و «مرۆڤی سیاسی» خستە شوێن، هۆکاری ئەو نوشستە گەورەیەش دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی مارکس بەبێ وەرگرتنی کانت، لە کاتێکدا وەرگرتنی مارکس بەبێ وەرگرتنی کانت، وەک وەرگرتنی پراکسیسی ڕۆشنگەری وایە بەبێ عەقڵی ڕۆشنگەریی، یاخود وەک وەرگرتنی چەکەکانی مۆێرنە وایە، بەبێ ڕۆحی مۆدێرنە. مارکس لە کولتووری خۆرئاوادا بەبێ کانت بوونی نییە و بوونیشی نەدەبوو، هەوڵی ئێمە لە خۆرهەڵاتدا بۆ جیاکردنەوەی مارکسیزم لە ڕیشە ڕۆشنگەرییەکەی، مارکسیزمی گۆڕی بۆ ئایدۆلۆژیایەکی سەتحی کە تەنیا دەتوانێت شەڕی حیزبی بکات، گۆڕینی مارکسیزمیش بۆ فەلسەفەی شەڕە حیزب، تەواوی وزە فیکرییەکانی کوشت و گۆڕی بۆ جۆرە ئایدۆلۆژیایەکی دینی، کە لەبری ئەوەی عەقڵی ئازاد و ئیرادەی ئازاد دروستبکات، حیزب و نوسەری سەر پڕ لە دۆگمای دروستکرد. بۆیە تا ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمەدا دین و ئەخلاق و سیاسەت پێش چەمکی ئازادین، چونکە ئازادی لەو جێگایەوە دەست پێدەکات کە ڕەخنەی ستراکتوری دەست پێدەکات. ئەم ڕەخنەیە تەنیا کاتێک دەست پێدەکات کە ئازادی پرۆسەیەکی خۆتیوریزەکردنی نوێ دەست پێبکات. ئازادییەک خۆی تیوریزەنەکردبێت و لەسروشتی خۆی تێنەگەیشتبێت لەسروشتی ستەمیش تێناگات. تێگەیشتن لە ستەم گرێدراوی تێگەیشتنە لە ئازادی و گۆڕانە بەردەوامەکانی. قسەکردن لەسەر ستەم بەبێ بوونی تێگەیشتنێکی هەمەگیر و نوێ لە ئازادی هیچ بەرهەمناهێنێت، خەبات بۆ ئازادیش لە نەفرەتکردن لە ستەم و ئاشکراکردنی ناشیرینییەکانی سیستمەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە تێگەیشتن لە خودی ئازادییەوە دەست پێدەکات. هەموو کۆیلەیەک دەتوانێت لە کۆیلەیەتی خۆی بێزاربێت، بەڵام تەنیا ئەوانە دەتوانن ئازادبن کە دەتوانن بیر لە ئازادی بکەنەوە. بیرکردنەوەش لە ئازادی لە بەلاوەخستنی وەهمەکانی ئازادییەوە دەست پێدەکات، لە بەلاوەنانی ئەو ئایدۆلۆژیایانەوە دەست پێدەکات کە ئەو وەهمانەیان دروستکردوە. لێرەوە عەقڵی ئازاد سەرەتا لەگەڵ وەهمەکانی عەقڵدا، لەگەڵ وشە بێناوەڕۆک و میتۆدە چاوبەستەکاندا دەکەوێتە کێشەوە. کۆمەڵگای دیل هەمیشە پڕە لەوەهمی ئازادی، پڕە لەو شێوانەی ئازادی کە ئازادی نین و وەک ئازادی دەردەکەون، وەک ئیزایا بەرلین لە جێگایەکدا دەڵێت «گەورەترین هەڵەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لە بواری تێگەیشتن لە ئازادیدا کۆدەبێتەوە». دروست نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان و سەرهەڵدانی ئەرستۆکراتییەتێکی نوێ و پشتهەڵکردنی تەواوەتی ڕۆشنبیران لە چەمکی گۆڕان و سەرکەوتنی گەورەی سەلەفەییەتی نوێ لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، نیشانەی نائامادەگی عەقڵی ئازادن لەم قۆناغەدا. لە ڕۆژنامەگەری ئازادی ئێمەدا کولتوورێکی تری بیرکردنەوە لەدایک نەبوو، لە خەیاڵگەی مرۆڤی کورددا هێشتا هەستێکی ستاتیکی تازە کە لە ڕۆحی حەفتاکان ترازابێت بەتەواوەتی هەڵنەستاوە، تا ئێستا زۆر شیعر و زۆر خەیاڵ و زۆر لە زەوقی ئەدەبی دەبینین کە ئاسمانی حەفتاکانی جێنەهێشتووە. هەڵبەت خەیاڵی مرۆڤی کورد لە ئەدەبیات و هونەردا هەندێک دەرگای شکاندوە، بەڵام ڕۆحی ئەو ستاتیکا مۆدێرنەی کە جار جار لێرە و لەوێ بڵێسە دەستێنێت، لەناو شەپۆلێکی گەورەی گەڕانەوە بۆ ئەدەبیاتی تەقلیدیدا ئیشدەکات. شۆڕشی میدیا کە لە نەوەدەکانەوە دەست پێدەکات نامۆبوونی فیکری و ئەخلاقی مرۆڤی کوردی بردە ئاستێکی ترسناکی دییەوە. میدیای مۆدێرن لەبری ئەوەی ببێتە شوێنی بیرکردنەوەی ئازادانە، بووە شوێنی پراکسیسکردن و دەرکەوتنی هەستێکی سەرەتایی بە ئازادی کە هەست ناکات چیدی پێویستی بەبیرکردنەوە بێت. ئازادی درۆزن وادەکات مرۆڤەکان بە قووڵی بیر لە مانای ئازادی نەکەنەوە. یەکێک لە تەکتیکە گەورەکانی ستەمکاری مۆدێرن، ئەوەیە لە بڕی ئازادی و شێوەیدا هەستی ساختە دروستبکات. واتە جۆرێک لە ئازادی پێشکەشدەکات كە ناواخن نەکراوە و نەبۆتە ئیرادەی ئازاد. ستەمی هاوچەرخ شێوازی زۆری هەیە، کە وادەکەن مرۆڤ دیلێتی خۆی لێ ببێتە ئازادی. لە خۆرئاوا نەوەی یەکەم لە فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و دواتریش کەسانی وەک مارکۆزە و دۆلۆز وگیتاری گەلەک وردو درێژ لەسەر توانای کۆمەڵگای مۆدێرن لە یاریکردن بە هەستی ئازادی قسەیانکردوە. ئەم یاریکردنە لە هەنوکەی خۆرهەڵاتدا لە پاڵ تەکنیکە خۆرئاواییەکانەوە گەلەک سروشتی دیکەشی وەرگرتووە، کە لە هەستی دینی و خێڵەکی و ئەتنییەوە هەڵدەقوڵێن. هەتا خودی میدیای مۆدێرن لای ئێمە بۆتە مایەی خولقانی هەستێک بە ئازادی کە ڕیشەکانی لە تێڕامانەوە لە ئازادی هەڵنەقوڵاوە. لەدایکبوونی میدیای تازە دوای ڕاپەڕین ئەو هەستە ساختەیە بە ئازادی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە تا ئەندازەیەکی زۆر لەسەر وەهمسازی دروستبووە. ڕاگەیاندنی کوردی لەسەردەمی شاخدا خۆی ڕەمزێک لە رەمزەکانی ئازادی سیاسی بوو، دوای ڕاپەڕین میدیای دەرە حیزبیی و ڕۆژنامەو سایتەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵات هەمان ڕەمزییەتی ئازادی وەردەگرن و هەستێک بە ئازادی دروستدەکەن. ئەم هەستە بە ئازادی هاوشانی لەدایکبوونی بیرکردنەوەی ئازاد نییە، لە قووڵایی ئەم ڕۆژنامەگەرییەی ئەمڕۆوە، لە ڕێگای سایتەکانەوە، لە ڕێگای ژوورەکانی چاتەوە، خەڵکی پتر لەوەی بیربکەنەوە هەستەکانیان بەتاڵ دەکەنەوە. بەڵام دەبێت بزانین کە ئازادی هەست وەک ئازادی عەقڵ نییە، ئازادی هەست ئەگەری هەڵچوون و داچوونی ناعەقڵانی گەورەی لە خۆیدا شاردۆتەوە. ئازادی ناعەقڵانی مەترسی ئەوەی لێدەکرێت ستەمکاری زۆر ترسناکی لێ بێتەدەرێ. مافی تەعبیر لە هەست ناشێت لەسەر حیسابی بەلاوەنانی عەقڵ بێت. کە بەرەڵاکردنی هەستەکان گەیشتە ئاستێک پرەنسیپی فیکری و ستاتیکی و ئەخلاقی نوێی دروستنەکرد و ئاڕاستەگیری نوێی بۆ عەقڵ نەخولقاند، ئیدی لەجۆرە شێتییەکی دەستەجەمعیدا تەواودەبێت. هەستەکانمان مافی گەورەیان هەیە ئازادبن، توڕەییەکان لە یەکتر مافی ئەوەیان هەیە بێنە زمان، بەڵام گەر زاریانکردەوە و نەیانتوانی ئازادی وەربگێڕنە سەر زمانی فیکر و داهێنان و تێڕامان، نەیانتوانی کۆمەک بە مرۆڤ بکەن لە شێوازێکی بیرکردنەوەوە بچێتە سەر شێوازێکی تر، واتە بەرهەمی ئیرادەی ئازاد نین و دەبنە کردارێکی توندوتیژ. هەستی ئازاد گەر نەتوانێت مۆراڵێکی نوێ بدۆزێتەوە و پێناسە و سنوور و مافی بۆ دیاریبکات، پاش ماوەیەک ناچارە بە چەکە تەقلیدییەکان و بە ناوی ئەخلاقە تەقلیدییەکانەوە شەڕی خۆی بکات. ئازادی دەبێت ڕێگای خۆی ئەزموونبکات، بەڵام نابێت ڕێگا هەڵەبکاتە ناو عەقڵی تەقلیدی و مۆراڵی تەقلیدییەوە. هەستی ئازاد کە نرخ و بەهای نوێی پێنەبێت کە بەکەناڵی بیرکردنەوەدا نەڕۆیشتبێت ناتوانێت فیکر و مۆراڵ بگۆڕێت، ئیدی ناچارە شەڕەکان بە هەمان نرخ و بەهاکانی ئەخلاقی تەقلیدی بباتبەڕێوە. بە واتایەکی تر «ئیرادەی ئازادی» کە لە ناو کورددا کاردەکات، چونکە هەڵقوڵاوی «ئیرادەی ئازاد» نییە، ناچارە پەنا بباتەوە بۆ ئەخلاقی تەقلیدی. ئەم ئازادییەی کە میدیای مۆدێرن پێشکەش بە مرۆڤی کوردی دەکات، لە خزمەتی ئەخلاقی تەقلیدی و عەقلی باودا نەوەک لە خزمەتی ئازادیدا تەواوبووە. لە نائامادەگی فیکرێکدا کە لەسەر ئازادی ئیشبکات، هەر فەزایەکی ئازاد دەشێت بە ئاسانی وەربگەڕێت بۆ شوێنێک کە مرۆڤ سادییەت و خواستی وێرانکردن و بریندارکردنی ئەوانی دی تیا بەرهەمدەهێنێت. تەنیا عەقڵی ئازاد دەتوانێت وابکات ئازادی نەبێتە بوارێک بۆ سەرهەڵدانی خراپەو سادییەتی ناو مرۆڤ، گەر ئازادی بەبیرکردنەوەوە گرێ نەدرێت، بە ڕێزی قووڵەوە بۆ هەمەڕەنگی مرۆڤەکان و بۆ ناکۆتابوونی دیدەکانەوە نەبەسترێتەوە، لەوەدا تەواودەبێت ببێتە جەنگێک مرۆڤ بێبەها و بێبەربەست بە ناوی ئەخلاق و سیاسەت و کولتووری تەقلیدییەوە دژی ئەوانی دی سازیدەکات. لۆژیکی فەزیحەت و ئابرووبردن و سکاندال دروستکردن کە لەهەموو ئاستەکانی میدیای کوردیدا ئیشدەکات، بەڵگەیەکی گەورەیە کە ئەم میدیایە لەسەر بنەماکانی ئەخلاقی تەقلیدی ئیشدەکات. ئەو فەزا ئازادەی میدیای مۆدێرن پێشکەش مرۆڤی دەکات، بووە بە فەزایەک بۆ بەرەڵابوونی ئازادانەی ڕۆحە شەڕانگێزەکەی ناو مرۆڤی بیرنەکەرەوە و عەقڵی بیرنەکەرەوەی کورد، دەسەڵاتی کوردیش هوشیارانە ئەم میدیایە بەو ئاڕاستەیە دەبات، تا سیحری ئەو ئازادییە بەتاڵبکاتەوە کە دەتوانێت پێشکەشیبکات. هەرچییەک مۆدێرنە پێشکەش بە جیهانی ئێمەی کردوە، بەجۆرێکی تراژیدی کەوتۆتەوە خزمەتی جەهل و بەرهەمهێنانەوەی ستراکتوری سەلەفیانەی عەقڵ... لێرەوە وشەی ڕۆژنامەگەری ئازاد و میدیای ئازاد هەموو لە ژێر گوماندان تا ئەوساتەی دەبنە شوێنی سەرهەڵدانی جیهانبینییەکی دیکە کە لەسەر تیوریزەکردن و بیرکردنەوە و مافناسین بەندبێت. لە هەر جێگایەکدا چالاکی عەقڵمان نەبینی، ئازادی نابینین. ئەوەی لەبەردەم سەتحییەت و سادەنوسیدا چۆک دابدات و تەسلیم بێت ناتوانێت ئازادبێت. ئەوەی بە بەها و مۆراڵی تەقلیدی ئەم ڕۆژگارە بخوێنێتەوە، خۆی و زەمان وسەردەمە بەباچووەکان دووبارەدەکاتەوە... ئازادی لەبیرکردنەوە و قوولی و نوێگەریی نەترازاوە... لەبەرئەوە کۆمەڵگایەک بیرنەکاتەوە، سەتحییەت و ڕوکەشگەرایی جێگای بێت، لە فیکر و مۆراڵدا نوێگەر نەبێت، ناتوانێت بۆ ئازادییەکان کراوەبێت.
تێبینی: ساڵی پار کە وتاری لە «ستایشی ئازادیدا»م نوسی، خوێنەرێک داوای لێکردم هەندێک ڕوونکردنەوەی سەبارەت بە ماناکانی وشەی ئازادی لە بواری میدیا و ڕاگەیاندندا بۆ بنوسم. ئەم نوسینەی بەردەستتان بەشێکی ئەو وەڵامەیە.