پ. هاوڵاتی
رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ‌سنور، راپۆرتی رۆژنامه‌وانیی خۆی ده‌رباره‌ی ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌كوردستانی عێراقدا، بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا چه‌ندین نمونه‌ی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، خراوه‌ته‌ڕوو.
له‌و راپۆرته‌دا، كه له‌سه‌ر پێگه‌ی رێكخراوه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه، په‌یامنێرانی بێ‌سنور ئاماژه بۆ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ده‌كات كه به‌هۆی لێدان‌و ده‌ستدرێژیی‌و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر رۆژنامه‌نووسه‌كانییه‌وه، لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می ژماره‌یه‌كی به‌سپێتی ده‌ركردووه.
راپۆرته‌كه نووسیوویه‌تی »رۆژنامه‌نووسانی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی‌و چه‌ند رۆژنامه‌و گۆڤار‌و كه‌ناڵێكی دیكه، به‌ر هێرشی هێزه‌كانی ئاسایش كه‌وتوون، ئه‌و هێزانه‌ش سه‌ر به‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوون، كه به‌ناشه‌رعی ناوده‌برێن‌و به‌رپرسن له‌زۆرترین هێرشكردنه سه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌سلێمانی، له‌وكاته‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێكردووه».
هاوكات رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ‌سنور ئاماژه به‌كۆمه‌ڵێك له‌و پێشێلكارییانه ده‌كات، كه كراونه‌ته سه‌ر رۆژنامه‌نووسان، له‌وانه لێدانی (سۆران ئه‌حمه‌د)ی رۆژنامه‌نووسی هاوڵاتی له20ی شوبات، ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر دوو رۆژنامه‌نووسی كه‌ناڵی سپێده له19ی مانگ، هێرشكردنه سه‌ر (ئارا ئیبراهیم) رۆژنامه‌نووسی هاوڵاتی، هێرشكردنه سه‌ر (سامان مه‌جید) رۆژنامه‌نووسی لڤین‌و هاوڵاتی، هێرشكردنه سه‌ر (داود باغستانی) سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئیسرائیل ـــ كورد، هێرشكردنه سه‌ر شاسوار مامه رۆژنامه‌نووسی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له عه‌دنان عوسمان سه‌رنووسه‌ری پێشووی هاوڵاتی‌و نووسه‌ر له‌رۆژنامه‌ی رۆژنامه له‌ڕێی ئیمه‌یل‌و كورته‌نامه‌وه.
ئارا ئیبراهیم به په‌یامنێرانی بێسنوری وتووه، كاتێك خه‌ریكی وێنه‌گرتن بووه له‌شه‌قامی سه‌هۆڵه‌كه له‌سلێمانی، به‌تایبه‌تیش خه‌ریكی وێنه‌گرتنی كه‌سێك بووه كه یه‌كێك له‌هێزه ئاسایشییه‌كان برینداریان كردبوو، چه‌ند كه‌سێك به‌جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه، داوای لێكردووه وێنه نه‌گرێت.
ئارا ئاماژه به‌وه ده‌دات، كه یه‌كێك له‌هێزه ئاسایشییه‌كان توانیویه‌تی كامێراكه‌ی له‌ده‌ست بسه‌نێت‌و پاشان لێیداوه‌و سووكایه‌تی پێكردووه.
رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ‌سنور، رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌ربه‌خۆی تایبه‌ته به‌رۆژنامه‌نووسان‌و بنكه‌یان له‌پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسایه.