تایبه‌ت به‌هاوڵاتی
كادیره‌كانی یه‌كێتی له‌پلنیۆمدا زۆر به‌توندی ره‌خنه‌یان له راگه‌یاندنی یه‌كێتی گرتووه‌و داواشیانكردووه مه‌كته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و مافی مرۆڤ‌و مه‌كته‌بی رێكخراوه دیموكراتییه‌كان دابخرێن، به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار پشتگیری له مه‌كته‌بی رێكخراوه دیموكراتییه‌كان كردووه، كه خۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دوای گه‌وره‌بوونی كێشه نێوخۆییه‌كانی‌و شكسته‌كانی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7 بڕیاریدا پلنیۆم ببه‌ستێت‌و رۆژی 29/10 پلنیۆم به ئاماده‌یی 1500 كادیری ئه‌و حیزبه ده‌ستیپێكرد، هاوڵاتی ناوه‌ڕۆكی راپۆرتێك بڵاوده‌كاته‌وه كه له‌ناو پلنیۆمه‌وه ئاماده‌كراوه.
پارتی‌و یه‌كێتی سه‌ریان له كه‌ركوكییه‌كان شێواندووه
ناوچه دابڕاوه‌كانی هه‌رێم له‌پلنیۆمه‌كه‌ی یه‌كێتیدا به‌شێكی گفتوگۆكانی بۆ ته‌رخانكراوه‌و لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌سه‌رۆكایه‌تی رزگار عه‌لی بۆ دانراوه، له راپۆرتی ئه‌م لیژنه‌یه‌دا به‌پێویست زانراوه كه یه‌كێتی پێداگری بكات له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور‌و مانه‌وه‌ی هێزه هاوبه‌شه‌كه‌ی كورد-عێراق- ئه‌مه‌ریكا له‌ناوچه دابڕاوه‌كاندا.
به‌شداربوانی پلنیۆم پاش خوێندنه‌وه‌ی راپۆرتی لیژنه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان ره‌خنه‌ی توندیان له یه‌كێتی‌و پارتی گرت له‌و ناوچانه‌و ئه‌ندامێكی پلنیۆم وتی «ئه‌و كه‌لاوانه‌ی كه به‌ناوی ئاوه‌دانییه‌وه دروستكراون یان ته‌واو بكرێت‌و بدرێت به‌و خه‌ڵك، یان ئیتر باس له ئاوه‌دانی ئه‌و ناوچانه نه‌كه‌ین«.
كادیرێكی تر باسی له فرقه‌ی 12ی سوپای عێراق كرد‌وكه هاتوونه‌ته كه‌ركوك‌و به‌پلان كارده‌كه‌ن‌و به‌پێویستیشیزانی كوردیش ره‌دیان بده‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده وتیشی «كێشه‌كه سیاسییه‌و كاری سه‌ربازی هیچ گرنگییه‌كی نابێت«.
كه‌سێكی تریش ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه كۆچكردن له ناوچه دابڕاوه‌كان زۆر زیادیكردووه، به‌هۆی سیاسه‌تی ئه‌و سوپایه‌وه كه له ناوچه‌ی جه‌له‌ولاو سه‌عدیه جێگیر بووه. هه‌روه‌ها (8375) كه‌س ناوی له سجیلی ده‌نگده‌ران نه‌هاتووه‌ته‌وه كه خۆی یه‌كێكه له‌وانه.
كێشه‌ی حیزبایه‌تی‌و ناكۆكی نێوان یه‌كێتی‌و پارتی له كه‌ركوك مشتومڕێكی زۆری له‌سه‌ركرا‌و یه‌كێك له به‌شداربووه‌كان وتی «ئه‌وه بووه به‌كێشه‌یه‌كی گه‌وره له كه‌ركوك‌و چه‌ند ساڵه پێوه‌ی ده‌ناڵێنین كه به دوو شێوه سیاسه‌ت‌و دوو خیتابی سیاسی‌و دوو ئه‌ده‌بیاتی حیزبی كار ده‌كرێت، خه‌ڵكه‌كه له‌و نێوه‌دا به‌هۆی ئه‌م سیاسه‌ته‌وه سه‌ریان لێشێواوه«.
هه‌ر له‌شرۆڤه‌كردنی راپۆرتی ناوچه دابڕاوه‌كاندا قائیمقامی خانه‌قین ئاماژه‌ی به‌كۆمه‌ڵێك كێشه كردووه‌و وتوویه‌تی «وه‌زیره كورده‌كان له‌به‌غدا ده‌توانن چاره‌سه‌ری بكه‌ن، به‌ڵام نایكه‌ن‌و ئه‌دایان باش نه‌بووه‌و نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان پێكه‌وه دیفاع له خه‌ڵكی ناوچه دابراوه‌كان بكه‌ن«.
راگه‌یاندن په‌یامێكی رۆشنی نییه
ته‌نیا 2 رۆژ پێش ده‌ستپێكردنی پلنیۆم 106 كادیری یه‌كێتی له هه‌ولێر له‌یاداشتێكیشدا په‌یامێكیان ئاڕاسته‌ی پلنیۆم كرد‌و باسی ته‌كه‌تولات‌و گه‌نده‌ڵییه‌كانی ناو مه‌كته‌بی ناوه‌ندی راگه‌یاندنیان كردبوو.
ئه‌م كێشانه‌و ده‌یان كێشه‌ی تر له‌سه‌ر ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی یه‌كێتی له‌پلنیۆمدا قسه‌ی له‌سه‌ركرا‌و لیژنه‌یه‌ك به‌سه‌رۆكایه‌تی ئازاد جوندیانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێكهێنرا‌و راپۆرتێكیان بۆ پلنیۆم ئاماده كرد.
له‌راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی راگه‌یاندا هاتبوو «راگه‌یاندنی یه‌كێتی پلانی كورت‌و درێژخایه‌نی نییه‌و خیتابێكی سیاسی یه‌كگرتووی بۆ رووداوه‌كان نییه‌و په‌یامێكی یه‌كگرتووی رۆشنی سیاسی بۆ راگه‌یاندن نییه«.
راپۆرته‌كه چه‌ند راسپارده‌یه‌كی له‌خۆگرتبوو، كه تیایدا هاتبوو «یه‌ك په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌بێت‌و راگه‌یاندنیش یه‌ك په‌یامی هه‌بێت، هه‌روه‌ها كۆنفرانسی راگه‌یاندن بكرێت‌و به‌رنامه‌ی درێژخایه‌ن بۆ راگه‌یاندن دابنرێت«.
راگه‌یاندن زۆر گرنگی به‌پارتی ده‌دات
به‌شداربووه‌كانی پلنیۆم له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه راگه‌یاندنی یه‌كێتیان به‌زۆر لاواز هه‌ڵسه‌نگاند‌و له‌سه‌ر ئاستی ناخۆش پێیانوابوو «هه‌واڵه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی شته‌كانی پارتی زه‌ق ده‌كه‌نه‌وه، پارتی خۆی ئه‌وه‌نده ئیهتمامی پێنادات«.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش باسیانله‌وه‌كرد كه «له‌هه‌واڵه‌كاندا باسی نێچیر ده‌كرێت له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا، به‌ڵام عیماد ئه‌حمه‌د له‌پاڵیه‌وه دانیشتووه باسی ناكرێت«.
ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی كه زۆربه‌ی كات رووبه‌ڕووی میدیای ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌وه، له‌پلنیۆمیشدا رووبه‌ڕووی راگه‌یاندنی یه‌كێتی بووه‌وه، كه «راگه‌یاندنی یه‌كێتی هه‌ر باس له كۆبوونه‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رپرسانی یه‌كێتی ده‌كات، خه‌ڵكیش ئاماده‌نییه بیخوێنێته‌وه‌و گوێی لێبگرێت، چونكه ئه‌و هه‌واڵانه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌خه‌ڵكه‌وه نییه، خه‌ڵك كێشه‌ی هه‌یه ده‌بێت گرنگی به خه‌ڵك بدرێت«.
عیماد ئه‌حمه‌د له‌مباره‌یه‌وه وتوویه‌تی «ده‌بێت خۆمان كه‌موكورتییه‌كانی خه‌ڵك‌و حكومه‌ت باس بكه‌ین، ئه‌گه‌رنا خه‌ڵكی نان‌و پیازی پێوه ده‌خوات«. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه «ئه‌هه‌میه‌تی هه‌واڵ گرنگتره له رێزبه‌ندی پله‌و پایه‌ی به‌رپرسه‌كان، له رۆژنامه‌و راگه‌یاندنه‌كاندا پێویسته ئه‌وه ره‌چاو بكرێت«.
«با به‌شێك له مه‌كته‌به‌كان دابخرێن»
مه‌كته‌به‌كانی یه‌كێتیش له‌پلنیۆمدا گفتوگۆیان له‌سه‌ركرا‌و لیژنییه‌كیش به‌سه‌رۆكایه‌تی شۆڕش ئیسماعیل بۆ مه‌كته‌به‌كان پێكهێنرا‌و راپۆرتێكیان پێشكه‌شی ئاماده‌بوان كرد.
ئاڵا تاڵه‌بانی له‌باره‌ی مه‌كته‌به‌كانه‌وه داوایكردووه «زۆربه‌ی مه‌كته‌به‌كان نه‌مێنن، چونكه زۆربه‌ی ئه‌م مه‌كته‌بانه وه‌زاره‌ت‌و دائیره‌ی حكومی خۆیان هه‌یه، ئیتر چ پێویست ده‌كات ئه‌م سه‌رلێشێواندنه دروستبكرێت«.
ئاڵا تاڵه‌بانی وتووشیه‌تی «مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی، مافی مرۆڤ، رێكخراوه‌كان ئه‌مانه له‌كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا بوونیان عه‌یبه‌یه«.
مه‌لا به‌ختیاریش له‌وه‌ڵامدا پشتیوانی له مه‌كته‌بی رێكخراوه دیموكراتییه‌كان كرد‌و وتی «په‌یوه‌ندی حیزب‌و ئه‌و رێكخراوانه په‌یوه‌ندییه‌كی دیموكراتییه، به‌بێ هیچ ده‌ستتێوه‌ردانێك، ئه‌وان خۆیان ئازادن«.
هه‌ر له‌م كاته‌دا دكتۆر به‌رهه‌م به‌شداریده‌كات‌و ده‌ڵێت «كادیری یه‌كێتی مه‌غدوره‌و سیستمه‌كانی ناو یه‌كێتی غه‌ڵه‌ته‌و پێویستی به‌چاككردن هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ین ناخۆشی تر چاوه‌ڕێمانه«.
لیژنه بۆ مه‌كته‌بی سیاسی دانه‌نرا
وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی له زۆربه‌ی كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان خۆیان دوورخسته‌وه‌و پلنیۆم هیچ لیژنه‌یه‌كی بۆ مه‌كته‌بی سیاسی دروستنه كرد، له‌م باره‌یه‌شه‌وه ئه‌ندامێكی مه‌كته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وتوویه‌تی «ئێمه داوامانكرد لیژنه‌یه‌ك له‌سه‌ر مه‌كته‌بی سیاسی دروستبكرێت، چونكه له‌م پلنیۆمه‌دا لیژنه بۆ هه‌موو شته‌كان دروستكرا، به‌ڵام ئه‌م لیژنه‌یه پشتگوێخرا«.
كاركردن له‌سه‌ر فیكری جیابووه‌وه‌كان
ئه‌گه‌رچی پێش به‌ستنی پلنیۆم زۆربه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی باسیانله‌وه‌ده‌كرد كه پلنیۆم كێشه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه یكلایی ده‌كاته‌وه كه چوونه‌ته ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڵام رۆژانی پلنیۆم ئه‌م كاره پێچه‌وانه بووه‌وه‌و باڵی گشتی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی به هه‌ڵواسراوی هێشته‌وه.
لیژنه‌ی جیابووه‌وه‌كان كه عومه‌ر شێخ موس سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد‌و له راپۆرته‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه «ئه‌وانه‌ی له یه‌كێتی جیابوونه‌ته‌وه، خۆیان به‌ئازادی خۆیان‌و بێ هیچ فشارێكی سیاسی له یه‌كێتی چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌و رێبازێكی تریانگرتووه‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان دروستكردووه«.
لیژنه‌ی ناوبراو ئه‌م پێشنیازانه‌ی خسته به‌رده‌ستی پلنیۆم بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ری:
• ئه‌وان هیچ په‌یوه‌ندی‌و مافێكیان به‌سه‌ر یه‌كێتییه‌وه نه‌ماوه‌و كاریان له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی كردووه.
• ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه ده‌رگا واڵایه‌و لیژنه‌یه‌ك دابمه‌زرێت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌یان.
• به‌كارهێنانی مووچه‌ی ئه‌وانه‌ی كه جیابوونه‌ته‌وه بۆ كه‌سانی تر.
• یه‌كێتی به‌رده‌وام بێت له گۆڕانكاری‌و ئاماده‌كاری بۆ سازدانی كۆنگره.
• هه‌ڵبژاردن له‌م پلنیۆمه‌دا ئه‌نجام نه‌درێت‌و جێگه به‌تاڵه‌كان پڕنه‌كرێته‌وه‌و هه‌ڵبگیرێت بۆ كۆنگره.
تاڵه‌بانی له‌باره‌ی راپۆرتی جیابووه‌وه‌كانه‌وه بۆچوونی وابووه كه «هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه جیابوونه‌ته‌وه به یه‌ك چاو سه‌یر نه‌كرێن‌و جیابكرێنه‌وه‌و یه‌كێتی ده‌رس‌و په‌ند وه‌ربگرێت له رابوردوو«.
هه‌روه‌ها تاڵه‌بانی پێشنیازی كردووه «ئیش له‌سه‌ر شته فیكری‌و سیاسییه‌كانی ئه‌و كه‌سانه بكرێت كه له یه‌كێتی جیابوونه‌ته‌وه، نه‌ك له‌سه‌ر خودی شه‌خسه‌كان، هه‌وڵیشبدرێت له‌سه‌ر ئه‌و بیر‌و بۆچوونانه كاربكرێت كه كه‌سایه‌تییه‌كانیان هه‌یانه«.
ده‌رگای گه‌ڕانه‌وه واڵایه بۆ جیابووه‌وه‌كان
ئه‌ندامێكی پلنیۆم پێیوابووه «ئه‌وانه جیانه‌بوونه‌ته‌وه (مورته‌دن)و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌یه‌كێتییه‌وه نه‌ماوه«و پێشنیازیشی كردووه ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێتـه‌وه پله‌و پایه‌كه‌ی لێ وه‌ربگیرێته‌وه.
به‌ڵام هه‌ندێكی تر ئه‌و كاره‌یان به قورس سه‌یركردووه‌و لایانوابوو ئه‌وانه براده‌رو دۆستی دێرین بوون‌و په‌یوه‌ندی خێزانی هه‌یه له‌نێوانیاندا‌و ناكرێت وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنیان نه‌درێته‌وه‌و په‌یوه‌ندی شه‌خسیان له‌گه‌ڵ ببچرێندرێت، كادیرێكی تریش پێشنیازی كرد ده‌رگا واڵا بێت بۆ هه‌موو ئه‌و براده‌رانه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان.
لای خۆشییه‌وه به‌رپرسی رێكخستنی فینله‌ندا وتوویه‌تی «پێم باشه خۆمان ئه‌وه‌نده به‌گۆڕانه‌وه خه‌ریكنه‌كه‌ین، له جیاتی ئه‌وه با یه‌كێتی كلتووری ئاشتی‌و برایه‌تی پیاده بكات‌و خۆی رابهێنێت كه بتوانێت له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیشی به‌ئاشتی بژی«.
هه‌روه‌ها كادیرێكی تریش داوای كردووه «ئه‌وانه‌ی كه به‌گومانه‌وه نێردراونه‌ته ماڵه‌وه ئاشت بكرێنه‌وه. ئه‌وانه‌ش به ناوی كه‌مته‌رخه‌میه‌وه سزادراون عه‌فو بكرێن«.
هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌شه‌وه كه له‌یه‌كێتی جیابوونه‌ته‌وه جه‌لال تاڵه‌بانی وتوویه‌تی «به‌نیسبه‌ت سه‌ركرده‌كانه‌وه لای ئێمه حیسابیان ته‌واو بووه، ئه‌وانه‌ش لای خواره‌وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاون‌و به ناوی باڵی ریفۆرمه‌وه رۆیشتوون ده‌رگایان بۆ واڵایه«.
پاره‌ی یه‌كێتی باسی لێنه‌كرا
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له یه‌كێتی، بۆ یه‌كه‌مجار بۆ هاوڵاتی ئاشكرا كرد كه مانگانه یه‌كێتی‌و پارتی 35 ملیۆن دۆلار له حكومه‌ت ده‌سه‌نن، جگه له‌مه‌ش یه‌كێتی خۆی چه‌ندین كۆمپانیای وه‌ك‌و نۆكانی هه‌یه كه بوونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی مادی گه‌وره بۆی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامان بوو ئه‌وه‌بوو كه له‌پلنیۆمدا هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر دارایی‌و سه‌روه‌ت‌و سامانی یه‌كێتی نه‌كرا.
كادیرێكی به‌شداربووی پلنیۆم بۆ هاوڵاتی وتی «له‌پلنیۆمه‌دا هیچ قسه‌یه‌كی رۆشن له‌باره‌ی ئابووری ئه‌م حیزبه‌وه نه‌كرا، هه‌روه‌ها هیچ ئاماژه‌یه‌كیش به‌سنوری ده‌سه‌ڵاته‌كانی سكرتێر نه‌كرا، چونكه ئاشكرایه به‌شێك له‌ره‌خنه‌كان له‌سه‌ر بیرۆكراتیه‌تی حیزبی دووجه‌مسه‌ری تیژی هه‌بوو، كه ئه‌ویش خۆی له‌ده‌سه‌ڵاتی ره‌های سكرتێر‌و ناڕۆشنی له سه‌روه‌ت‌و سامانی ئه‌م حیزبه‌دا ده‌خسته‌ڕوو«.