تاڵه‌بانی داوا ده‌كات ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، ئه‌ندامانی خه‌تی گشتی په‌رتنه‌كات
شۆڕش خالید‌و ئاڵا له‌تیف
پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك چه‌ند پێشنیارێك ده‌خه‌نه به‌رده‌م تاڵه‌بانی بۆئه‌وه‌ی ئه‌و شكسته‌ی یه‌كێتی له‌سلێمانی تووشیهات، له‌كه‌ركوك دووباره نه‌بێته‌وه، هاوكات كێشمه‌كێشه‌كانی نێو باڵه‌كانی خه‌تی گشتی‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ تادێت قوڵترده‌بێت‌و تاڵه‌بانیش داوا له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و ئه‌رسه‌لان بایز ده‌كات بڕیاره‌كانی ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا بۆ په‌رتكردنی ئه‌ندامانی خه‌تی گشتی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
یه‌كێتی ده‌ترسێت شكسته‌كه‌ی سلێمانی، كه‌ركوكیش بگرێته‌وه
به‌پێی زانیارییه‌كان‌و ئه‌و نامه‌و پێشنیارانه‌ی كه له‌لایه‌ن به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كێتییه‌وه له‌كه‌ركوكه‌وه ئاڕاسته‌ی تاڵه‌بانی‌و مه‌كته‌بی سیاسی كراوه، به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كێتی ترسی خۆیان له‌دۆڕانی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك هه‌یه‌و له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی شكسته‌كه‌یان ده‌ترسن.
ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك له‌سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتدا چه‌ند پێشنیارێكیان ئاڕاسته‌ی تاڵه‌بانی كردووه، بۆئه‌وه‌ی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و پێشنیارانه به‌هه‌ند وه‌ربگیرێ‌و یه‌كێتی له‌كه‌ركوكیش شكست نه‌هێنێت.
به‌پێی نامه‌یه‌ك كه‌ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتووه‌و ئیمزای هه‌ریه‌كه له (ته‌حسین نامیق جێگری مه‌كته‌بی بیروهۆشیاری‌و ره‌مه‌زان حاجی ره‌شید لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه توركمانییه‌كان‌و دریڤان عه‌بدلقادر به‌كر جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك‌و بورهان ده‌روێش كارگێڕی مه‌ڵبه‌ند‌و غازی كه‌ركوكی كارگێڕی به‌شی رێكخستن‌و له‌یلا حه‌سه‌ن ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك‌و محه‌مه‌د تۆرانی لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندی توركمانی‌و یوسف گۆران‌و عه‌لی محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ند)ی له‌سه‌ره، بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی شكسته‌كان چه‌ند پێشنیارێك ئاڕاسته‌ی تاڵه‌بانی ده‌كه‌ن.
له‌نامه‌كه‌دا هاتووه »بۆئه‌وه‌ی كه‌ركوك تووشی هه‌مان چاره‌نووسی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو نه‌بێته‌وه، ئێمه زۆرینه‌ی كادرانی سنووری كه‌ركوك به‌باشمانزانی بۆ رێگرتن له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و نموونه نه‌خوازراوه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌پارێزگای كه‌ركوك چه‌ند پێشنیارێك بخه‌ینه به‌رده‌م جه‌نابتان كه‌پێمانوایه بێ جێبه‌جێكردنیان ناتوانرێت رێگا له‌به‌رده‌م داكشانی ده‌سه‌ڵات‌و نفوز له‌كه‌ركوك بگرێت».
ئه‌و ئه‌ندامانه كه‌زۆربه‌یان سه‌ر به‌خه‌تی گشتین داوا ده‌كه‌ن پاراستنی یه‌كڕیزی‌و بنبڕكردنی دیارده‌ی ده‌سته‌گه‌ری په‌یڕه‌و بكرێت‌و ده‌موچاوه‌كان بگۆڕدرێن‌و ململانێیه‌كانی نێوان به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كێتیش له‌و پارێزگایه كه‌مبكرێته‌وه.
هه‌روه‌ها غازی كه‌ركوكی كارگێڕی به‌شی رێكخستنی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك له‌نامه‌یه‌كدا كه‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی تیایدا نووسیووه‌و كۆپیه‌كی ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتووه، هاتووه »ئه‌وه‌ی وایلێكردم به‌رده‌وامبم له‌كاركردن كێشه‌ی كه‌ركوك بووه، وادیاره ئه‌مه‌ش به‌هه‌مان شكستی شاری سلێمانی به‌سه‌ردێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا».
پێشنیاز ده‌كرێت یه‌كێتی
به‌لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات
به‌پێی نامه‌ی ئه‌و به‌رپرسه باڵایانه‌ی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك، كه‌زۆربه‌یان سه‌ر به‌خه‌تی گشتین، پێشنیاریان بۆ سكرتێری گشتی حیزبه‌كه‌یان كردووه كه یه‌كێتی له‌وشاره به‌لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری بكات، ئه‌مه‌ش وه‌ك یه‌كێك له‌پێشنیاره‌كانیان بۆ شكستنه‌هێنانی یه‌كێتی له‌شاره‌كه.
له‌پێشنیاره‌كه‌دا هاتووه »بۆ ئه‌وه‌ی كادیر‌و جه‌ماوه‌ر باوه‌ڕ به‌خۆیان‌و هێزه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان بێنێته‌وه‌و بۆ نیشاندانی هێزی جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی به‌رانبه‌ر به‌دۆست‌و دوژمنانی پێویسته له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان‌و په‌رله‌مانی عێراق یه‌كێتی به‌لیستی تایبه‌تی خۆی به‌شداری بكات، ده‌كرێت پاش هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت».
ئه‌و به‌رپرسانه روونكردنه‌وه بۆ ئه‌و پێشنیاره‌یان ده‌هێننه‌وه‌و ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه به‌پێی ئه‌و راپرسییانه‌ی له‌ناو گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كان ئه‌نجامدراوه ده‌ركه‌وتووه جه‌ماوه‌ره‌كه خۆیان به‌یه‌كێتی ده‌زانن، به‌ڵام نیگه‌رانن له‌ده‌سه‌ڵاتی حیزبی‌و ئیداری بۆیه ده‌ڵێن ده‌نگ ناده‌ین.
داواده‌كرێت یه‌كێتی به‌رپرسه حیزبی‌و حكومییه سه‌ره‌كییه‌كان بگۆڕێت
به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كێتی داوا ده‌كه‌ن یه‌كێتی به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و ده‌ست له‌سیاسه‌تی دروستكردنی پارتی سێبه‌ر (ئه‌لته‌رناتیڤ) بۆ توركمان‌و عه‌ره‌ب‌و كلد‌وئاشووری هه‌ڵبگیرێت.
له‌نامه‌كه‌دا بۆ تاڵه‌بانی به‌رپرسه باڵاكان نووسیویانه »چونكه به‌دروستكردنی ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤه دوژمنایه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌مان بۆ دروستبووه‌و له‌بری ئه‌و سیاسه‌ته باشتروایه بیر له‌دۆزینه‌وه‌ی پردی دیالۆگ‌و هاوبه‌شی له‌نێوان ئه‌و نه‌ته‌وانه بنیاتبنرێ».
له‌خاڵێكی تری نامه‌كه‌دا هاتووه »بۆ نیشاندانی ئیراده‌ی یه‌كێتی له‌نوێبوونه‌وه‌و خۆپێداچوونه‌وه باشتروایه به‌رپرسه حیزبی‌و حكومییه سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك بگۆڕدرێت‌و كادیرانی تر جێیان بگرنه‌وه».
به‌ڕای ئه‌و به‌رپرسانه‌ی یه‌كێتی گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان له‌ده‌روونی جه‌ماوه‌ردا »كاردانه‌وه‌ی باشی ده‌بێت».
هه‌روه‌ها پێشنیاری ئه‌وه‌شده‌كه‌ن كه‌یه‌كێتی ئه‌نجومه‌نی حیزبی فراوان له‌كه‌ركوك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ململانێیه‌كانی نێوان به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كێتی دابمه‌زرێت.
هه‌ڕه‌شه‌ی به‌شدارینه‌كردن له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كرێت
له‌یاداشتێكی تردا، ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان‌و به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌شاری كه‌ركوك هه‌ڕه‌شه‌ی به‌شدارینه‌كردن له‌هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و خۆ دوورگرتن‌و په‌نابردن بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌كه‌ن بۆ ده‌ربڕینی داوا‌و ره‌خنه‌كانیان، ئه‌گه‌ر بێت‌و لیژنه‌ی سه‌رپرشتیاری كه‌ركوك به‌ده‌م داواكانیانه‌وه نه‌چن.
له‌یاداشتێكدا كه‌ئاڕاسته‌ی تاڵه‌بانی‌و لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری كه‌ركوك (كۆسره‌ت ره‌سوڵ، مه‌لا به‌ختیار، ئه‌رسه‌لان بایز، عیماد ئه‌حمه‌د) كراوه‌و كۆپییه‌كی ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتووه، چه‌ندین داوا خراواته‌ڕوو له‌وانه گۆڕانكاریكردن‌و نوێبوونه‌وه له‌به‌رپرسه حیزبییه سه‌ره‌كییه‌كان‌و په‌راوێزنه‌خستنی ئه‌ندامان‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاریانه‌ی »له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌سته‌گه‌رایی‌و دوور له‌ئیراده‌یی كادیر‌و جه‌ماوه دراوه».
هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ندامانه كه پێكهاتوون له‌ژماره‌یه‌كی زۆر له‌به‌رپرسان‌و ئه‌ندامانی رێكخستنی یه‌كێتی له‌شاری كه‌ركوك، داوای پابه‌ندبوونی مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوك ده‌كه‌ن به‌سه‌رجه‌م بڕیار‌و رێنماییه‌كانی مه‌كته‌بی رێكخستن‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و دووركه‌وتنه‌وه له‌بڕیاری تاكڕه‌وانه.
ئه‌و ئه‌ندامانه ئاماژه به‌وه‌شده‌كه‌ن كه‌ئه‌گه‌ر ئه‌و داواكاریانه‌یان بۆ جێبه‌جێنه‌كرێت ئه‌وا به‌شداری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكه‌ن‌و له‌حاڵه‌تی به‌رده‌وامبوونی په‌راوێزخستنی داواكانیان به‌مه‌به‌ستی نیشاندانی ئه‌ستۆپاكی بۆ جه‌ماوه‌ری كه‌ركوك په‌نا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌به‌ن.
خه‌تی گشتی له‌كه‌ركوك په‌رتده‌كرێت
باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌كه‌ركوك كه ئێستا باڵا ده‌سته، كار بۆ ئه‌وه‌ده‌كات توانای خه‌تی گشتی له‌كه‌ركوك لاواز بكات، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه پشتی به‌ستووه به‌گواستنه‌وه‌و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ر به‌خه‌تی گشتی له‌مه‌ڵبه‌ند‌و كۆمیته‌كان‌و په‌راوێزخستنیان.
به‌پێی نامه‌یه‌كی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی 11ی رزگاری یه‌كێتی سه‌ر به‌مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك كه‌ئاراسته‌ی تاڵه‌بانیان كردووه، نیگه‌رانی‌و بێزاری خۆیان ده‌ربڕیوه له‌مه‌ڕ دوورخستنه‌وه‌و به‌زۆرده‌ركردنی ئه‌ندامانی رێكخستنه‌كانیان‌و ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه‌ئه‌گه‌ر كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت دوورنییه كێشه‌كان په‌ره‌بسێنن‌و به‌ئاقارێكی تردا بڕوات.
ئه‌و نامه‌یه‌ی ئاڕاسته‌ی تاڵه‌بانی كراوه، له‌لایه‌ن جێگری یه‌كه‌می لێپرسراوی كۆمیته‌ی رێكخستنی 11ی رزگاری‌و چوار ئه‌ندامی كۆمیته‌كه‌و 38 ئه‌ندام كه‌رته‌وه نووسراوه‌و باسله‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ماوه‌یه‌كی زۆره له‌لایه‌ن لێپرسراوی كۆمیته‌كه‌وه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كێشه‌وگرفتیان بۆ دروستده‌كه‌ن.
پێشتر لێپرسراوی كۆمیته‌ی 11ی رزگاری كه سه‌ر به‌خه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌و راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌وه پشتگیری لێده‌كرێت، به‌پێی نامه‌كه به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی بۆ نووسیون‌و ده‌ریكردوون‌و له‌شوێنه‌كانیاندا كه‌سانی تر دانراون. كه‌ئه‌و ئه‌ندامانه پێكهاتوون له(عزه‌ت ئه‌سعه‌د‌و ئیدریس تاهیر عه‌زیز‌و حه‌سیب ئه‌مین ره‌سوڵ).
ئه‌گه‌رچی دوای ده‌ركردنیان ئه‌و ئه‌ندامانه سكاڵایه‌ك بۆ ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا ده‌نووسن، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامنه‌دراونه‌ته‌وه‌و لێپێچینه‌وه له‌لێپرسراوی كۆمیته‌ی 11ی رزگاری نه‌كراوه.
باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ دژایه‌تی خه‌تی گشتی ده‌كه‌ن
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك به‌ده‌م كێشه‌و گرفته‌كانی كۆمیته‌ی 11ی رزگارییه‌وه نایه‌ن، باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌دژی خه‌تی گشتی له 1/8ه‌وه تاوه‌كو 20/8 قوفڵ له‌ده‌رگای كۆمیته‌ی 11ی رزگاری ده‌ده‌ن‌و ماوه‌ی ئه‌و 20 رۆژه كاری رێكخستنی خۆیان له‌كه‌ركوك ده‌كه‌نه قوربانی ململانێیه‌كانیان.
به‌پێی ئه‌و نامه‌یه‌ی ئاڕاسته‌ی تاڵه‌بانی كراوه، بۆ په‌رتكردنی ئه‌ندامانی خه‌تی گشتی‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئه‌و كۆمیته‌یه كه یه‌كێكه له‌كۆمیته گه‌وره‌كانی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ند به‌بڕیارێك جێگری دووه‌می كۆمیته‌كه‌و ئه‌و ئه‌ندام كۆمیتانه‌ی سه‌ر به‌خه‌تی گشتین ده‌گوازێته‌وه. كه پێكهاتوون له (عیماد كامیل حه‌مید‌و لوقمان محه‌مه‌د عه‌لی‌و محه‌مه‌د سدیق‌و لوقمان نه‌جم ره‌شید).
له‌نامه‌كه‌دا كه كۆپییه‌كی ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتووه، هاتووه »ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت درزێكی گه‌وره دروستده‌بێت، كه‌هیچ كه‌س له‌ئێمه ناخوازێت به‌و ئاقاره‌دا بڕوات، چونكه بڕیاری تاكڕوانه ده‌درێت».
تاڵه‌بانی داوا ده‌كات په‌رتكردنی ئه‌ندامانی خه‌تی گشتی رابگیرێت
له‌و وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌ی كه ئاڕاسته‌ی تاڵه‌بانی كراوه له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ئه‌ندامانی رێكخستنی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك، تاڵه‌بانی داوا ده‌كات ئه‌و بڕیارانه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه كه بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی سه‌ر به‌خه‌تی گشتی دراوه له‌لایه‌ن لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكه‌وه.
تاڵه‌بانی له‌وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌دا داوا له كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و ئه‌رسه‌لان بایز ده‌كات ئه‌و بڕیارانه‌ی كه بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ر به‌خه‌تی گشتی دراوه هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه.
سكرتێری گشتی یه‌كێتی به‌خه‌تی خۆی له‌په‌راوێزی یاداشته‌كه‌دا نووسیویه‌تی »پێمباشه بڕیاری مه‌ڵبه‌ند بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی رێكخستنه‌كان یه‌كێتی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، چونكه ئه‌وانه كاك ره‌فعه‌ت په‌رت‌و بڵاوی كردوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌تی گشتین».
به‌هۆی ململانێیه‌كانه‌وه به‌رپرسێكی یه‌كێتی ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه
غازی كه‌ركوكی كارگێڕی به‌شی رێكخستنی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك، له‌نامه‌یه‌كدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی سكرتێری گشتی یه‌كێتی ده‌كات‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ده‌سته‌گه‌ری‌و ناعه‌داله‌تی شیرازه‌ی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی تێكداوه.
غازی كه‌ركوكی له‌نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا كه‌كۆپییه‌كی ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتووه، هاتووه »هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه له‌لایه‌ن هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاته‌وه شیرازه‌ی رێكخستنه‌كانی تێكداوه‌و به‌ده‌یان جاریش سكاڵاكانیان گه‌یاندووه‌ته سه‌رووی خۆیان، به‌ڵام ئه‌و نامانه دیزه به‌ده‌رخۆنه‌ی پێكراوه».
ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی ده‌نووسێت »چیتر به‌رپرسیارنیم به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو تێكدان‌و كه‌موكورتیانه‌و به‌شداریش نیم له‌هیچ گه‌نده‌ڵییه‌ك‌و ره‌خنه‌كانیشم بووه‌ته‌هۆی دژایه‌تیكردنم‌و دوور نییه سه‌ریشم دابنێم».
نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی غازی كه‌ركوكی ئه‌وه ده‌رده‌خات به‌تاكبڕیاری‌و بێ گوێدانه راوبۆچوونی كادیر‌و دڵسۆزانی شاره‌كه لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه بۆ كه‌ركوك، كه‌به‌شێكی زۆری ئه‌ندامانی لیژنه‌كه »خۆیان دروستكه‌ری كێشه‌كانن‌و جه‌ماوه‌ر‌و هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی لێیان ناڕازین».
هاوكات ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌میكیاجكردنی ده‌موچاوه‌كان نابێت، به‌ڵكو زۆرێك له‌ده‌سه‌ڵاته حیزبی‌و ئیداری‌و ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك پێویسته بگۆڕدرێن نه‌ك ئه‌وان بیانه‌وێت گۆڕان بكه‌ن‌و لیژنه بن.
ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌ی ناو یه‌كێتی له‌كاتێكدایه كه تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی له چه‌ندین شوێن‌و مناسه‌به‌دا رایگه‌یاند‌ووه كه یه‌كێتی چیتر حیزبێكی یه‌كپارچه‌و بێكێشه‌یه‌و ده‌توانێ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بدات.