زانیار داقوقی
قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك، ئاشكرای كرد كه به‌هۆی پێنه‌دانی ده‌سه‌ڵاتی ئیدرایی‌و دانه‌مه‌زراندنی كارمه‌ند بۆیان، له‌لایه‌ن پارێزگاری كه‌ركوكه‌وه، ده‌ستیله‌كاركێشاوه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه هاوڵاتیان باجی ناكۆكییه‌كانی نێوان پارێزگار‌و سه‌رۆك ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ده‌ن.
ئیحسان گلی قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك، به هاوڵاتی وت »ماوه‌ی 5 ساڵه له‌و پۆسته‌داین، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك ده‌سه‌ڵاتمان نه‌بووه».
گلی وتیشی »من كێشه‌ی شه‌خسیم له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركوكدا نییه، به‌ڵام ئه‌و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئیداری نه‌داوه به‌ئێمه‌و هیچ كارمه‌ندێكمان بۆ دانه‌مه‌زرێنراوه، بۆیه نه‌مانتوانیووه كاره‌كانمان به‌ڕێوه‌به‌رین».
قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه كێشه له‌نێوان عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا پارێزگاری كه‌ركوك‌و رزگار عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا هه‌یه‌و ته‌نیا هاوڵاتیانی شاره‌كه باجی كێشه‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه.
ئیحسان گلی، هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه به‌هه‌موو به‌شه‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوك، نه‌یانتوانیووه هیچ بۆ شاره‌كه بكه‌ن، چونكه تائێستاش هه‌زاران كێشه‌ی موڵكداری‌و زه‌وی كشتوكاڵی به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه.